بەرهەم هێنانی مریشک و گەنم و هێلکە لە کوردستان لەپێداویستی ناوخۆ زیاترە

راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وەسفی خەلیل رایدەگیەنێت ”لەئێستادا سێ بەرهەمی کشتوکاڵی کە لەناوخۆی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت لەئاستی پێداویستی ناوخۆ زیاترە کەبریتین لەمریشک و گەنم و هێلکە، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆگا و شوینی هەڵگرتنمان نیە بەنرخێکی کەم هەناردەی باشوور و ناوەراستی عێراق دەکرێت”.

وەسفی خەلیل راشیگەیاند ”ئێمە لەتواناماندایە گۆشتی مریشک لەپێداویستی ناوخۆ زیاتر بەرهەم بهێنین بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم رێژەیەکی داناوە بۆ هاوردەکردنی مریشکی بەستوو لەبەر ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان مریشکی فرێش ناخۆن”.

راوێژکاری کشتوکاڵی  ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتیشی ”هێلکەش لەپێداویستی ناوخۆ زیاتر بەرهەم دەهێنرێت بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو هێلکەی لەکوردستان بەرهەم دەهێنرێت رەنگەکەی قاوەییە لەناوخۆدا خواستی زۆر لەسەر بۆیە هەناردەی باشور و ناوەراستی عیراق دەکرێت و لەتورکیا و ئێرانەوە هیلکەی رەنگ سپی هاوردەی بازارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.


سەبارەت بەگەنمیش وتی ”ساڵانە گەنمی جوتیارانی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە وەردەگیرێت، بەڵام چەند ساڵێکە جوتیارانی کوردستان بەدەست دواکەوتنی پارەی گەنمەکەیانەوە گرفتارن”.

وەسفی خەلیل جەختی لەوەش کردەوە ”بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی تر کە پێداویستی ناوخۆی بازاڕەکانی کوردستان پڕ ناکەنەوە مانای ئەوە نیە ناتوانین بڕی بەرهەم هێنان زیاتر بکەین بەڵکو لەئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ هاوکاری جوتیاران ناکەن بۆیە بڕی بەرهەم هێنان لەم ئاستەدا وەستاوە”.