نرخی نەوتی خاو بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبۆوە


بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، نەوتی خاوی برنت 86 سەنت بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 59 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، ئەوەش بەرزترین نرخە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2015 ەوە.

هەروەها نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساس، 46 سەنت بەرزبووە و بەرمێلێكی بە 52 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، كە ئەوەش بەرزترین نرخە لە نیسانی ئەمساڵەوە. 

هۆكاری بەرزبوونەوەی نەوتی خاو دەگەڕێتەوە بۆ چەند لێدوانێكی موحەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە كە ڕایگەیاندبوو ئەوان پابەندن بۆ پشتگیریكرنی هەموو شتێك بۆ سەقامگیركردنی خواست و خستنەڕووی نەوت.

لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپیک) لەگەڵ روسیا و نۆ وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت گەیشتنە رێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەنزیکەی 1.8 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە. رێککەوتنەکە هەتا مانگی ئازاری 2018 کارایە و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت باس لە درێژکردنەوەی دەکەن.