وەزیری كشتوكاڵ: پلانی گونجاو بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ هەیە

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان هەبووە، بەڵام لە رووی بودجەوە گرینگی پێ نەدراوە.
 
ئەو روونی كردەوە كە ئێستە بەرهەمی هاوینەی هەرێمی كوردستان گەشەیەكی زۆری كردووە و كێشەكە لە بەرهەمی زستانەدا بووە كە پلانیان بۆ داڕشتووە و ئەگەر بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت، ئەوا لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو كێشەیەش چارەسەر دەكەن.
 
ئەو پێی وایە هەرێمی كوردستان زەوینەیەكی زۆر لەباری هەیە بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و لە دەیەكانی ٧٠ و ٨٠ی سەدەی رابردووش لە كوردستانەوە بەرهەمی كشتوكاڵی هەناردەی سعوودیە كراوە.
 
لەبارەی سەرچاوەكانی ئاویش عەبدولستار مەجید گوتی، پلانی دروستكردنی ١٦ بەنداو لە كوردستان هەیە كە ئەگەر جێبەجێ بكرێن، ئەوا تا ٥٠ ساڵی تر هەرێمی كوردستان لە ئاو بێنیاز دەكات و وڵاتانی دراوسێ گوشاریش بخەنە سەر رووبارەكان و پێشی پێ بگرن، هێشتا هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی بۆ نایەتە كایەوە.