لە منداڵییەوە وا ڕاهاتووین، کە هەمیشە هەر تاکێکمان دەیەوێت خۆی سەرکردە وگەورە بێت، خۆی سەرپەرشتی ئەوانی تر بکات، بەوانی تر بڵێت چی بكەن یان نەیكەن، ئەو یەکەمجار نانی بدرێتێ، خێزانی ئێمە پێش ئەوانی تر سەلامەت بێت، و ئێمە دەربازمان بێت.
بەڵام ئەمە خۆویستنە نەک سەرکردایەتی و پێشڕەوایەتی، سەرکردایەتی ڕاستەقینە پێویستی بە قوربانی، هاوسەنگی و پابەندبوون بە ئەرکێکی گەورەترەوە هەیە.
لە کارو بزنس وهەروەها ژیان و سیاسەت سەرکردە هەن، بەڵام ڕەنگە زۆربەیان نەزانن کە سەرکردایەتیکردن پێویستی بە قوربانیدانە، بە ئازارە، وسەرکردە یەکەم کەسە كە دەبێت قوربانی بدات و دواهەەمین کەسیشە سوپاس بکرێت.
جیاوازی هەیە لە نێوان خاوەندارێتی وسەرکردایەتی ، خاوەندارێتی هەبوونی مافە بەسەرهەموو كار ووەبەرهێنان، وەکو خاوەن کارێک تۆ مافي خۆتە دەستکەوتی کاری کارمەندەکانت بچنیتەوە، بەڵام سەرکردایەتی واتا ئەنجامدانی شتێک کە تیمێک بەرەو ئامانجێکی گەورەتر ببات، جا ئەرکێکی ئابووری بێت، کۆمەڵایەتی یان سیاسی.
سەرکردەی ڕاستەقینە ئەم ئامانجانە لە پێش هەموو شتێکی ترەوە دادەنێت و یەکەم کەسە کە قوربانی بدات کاتێک شتەکان زەحمەت دەبن.
بۆ نموونە، کاتێک کارەکەت بە باشی ناڕوات بەڕێوە و پێویستی بە پارە هەیە، خاوەنەکەی یەکەم کەسە کە دەست بە پارەوە بگرێت و لە دەمی خۆی بگرێتەوە، سەرکردەکان دەبێت هاوڵاتییەكانیان خۆش بوێت هەروەکو چۆن دایکان منداڵەکانیان خۆیان خۆش دەوێت، چۆن ئەگەر تۆ و خێزانەکەت لەسەر دورگەیەک گیرتان خواردبوو، یەکەمجار خواردن دەدەیت بە منداڵەکەت پێش ئەوەی خۆت دەمی لێ بدەیت، هەمان لۆژیک بەسەر بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکیش دەچەسپێت.
هەروەها سەرکردەکان جیاوازی نێوان لۆمەکردن وبەرپرسیارێتی دەزانن، وەکو کاپتنی کەشتییەک، هەموو هەڵەیەک بە هەڵەی خۆیان دەزانن، وبەرپرسیاری یەکەمی کەشتییەکەن و ئەگەر هەڵەیەک ڕوویدا بێت ئەو لێی بەرپرسیارە.
ئەمە جگە لەوەی کە سەرکردە هەست دەکات کە سەرکەوتن بە تەنها هی خۆی نییە و هی هەموو تیمەکەیە، سەرکردایەتی شتێکی گەورەترە لە بردنەوە و دۆڕاندن، سەرکردایەتی ئاڕاستەکردنی خەڵکە بۆ ئامانجێک لە خۆیان گەورەتر.