هاوردەكردنی بەروبوومی پەلەوەری بۆ سلێمانی كەمدەكرێتەوە



هاوردەكرنی بەروبوومی پەلەوەری بۆ سلێمانی كەمدەكرێتەوە‌و جێگری بەرێوەبەری گشتی كشتوكاڵیش دەڵێت: بەروبومی پەلەوەر‌و ماسی‌و ئاژەڵ زیادیكردووە‌و بۆ پشتیوانی جووتیاران‌و پڕۆژە كشتوكاڵیەكانیش هاوردەكردن كەمدەكەینەوە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبوومی ئاژەڵی‌و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوەوە‌و پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا، بۆ مانگی تشرینی دووەم، رێگە بە هاوردەكردنی تەنها 400 تۆن ماسی‌و 500 تۆن مریشك و 500 تۆن گۆشتی سوور و 510 تۆن هێلكە‌و 6 هەزار سەر ئاژەڵی گۆشت بدرێت.

لەدوای كۆبوونەوەكەش رزگار حەمە خدر جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی: بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی‌و بۆ پشتگیریی جوتیاران و پرۆژە كشتوكاڵیەكانیش، هاوردەكردنی بەروبومە پەلەوەریەكان كەم كەمكراوەتەوە.

وتیشی: بەشێك لە وەبەرهێنەرەكانی شاری سلێمانی، روویان لە كەرتی كشتوكاڵدا كردووە‌و پرۆژەی كشتوكاڵیان دامەزراندوە، بەوهۆیەوە ئاستی بەروبوومی مریشك‌و ماسی و ئاژەڵ لە بەرزبوونەوەدایە‌و بەزیادبوونی بەرهەمە ناوخۆییەكانیش بەروبومی هاوردەكراو كەم دەكرێتەوە.