سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: “دوای نزیكەی دوو هەفتە لە داخستنی دەروازە سنوورییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان لەسەر داوای حكوومەتی عێراقی، ئەمڕۆ ئێران دەروازەی باشماخی كردەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران لەو دەروازەیەوە ئاسایی بووەتەوە”.
ئەو وتی: “كردنەوەی ئەو دەروازەیە دوای هەوڵ و پەیوەندی چەند رۆژێكمان دێت لەگەڵ یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی ئێران و پەیوەندی كردن بە كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە، لە ئەنجامدا ئەمڕۆ دەروازەی باشماخ كرایەوە”.
سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی، ئاماژەی كرد بەوەی تائێستا تەنها دەروازەی باشماخ كراوەتەوە و بڕیارە بەمزوانە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان (دەكەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی لە گەرمیان)یش بكرێتەوە.
مەرزی باشماخ مەرزێكی نێودەوڵەتی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستانە و رۆژانە زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل لەو مەرزەوە كاڵاو شتومەكی بازرگانی و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ دەكەن، پێش دوو هەفتە و لەسەر داواكاری حكوومەتی عێراقی و بەهۆی كێشەكانەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان مەرزەكە داخرا.