زۆربەی ئەو كەسانەی لەو ناوچانەوە ئاوارەی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان بوون، روویان لە ناوەندی شارەكان كردووە و بەشی زۆریان لە لای كەسوكار و حزمانیان ماونەتەوە، بەشێكی تریشیان لە كەمپ و شوێنە گشتییەكانی تر نیشتەجێكراون و لە لایەن دەزگاكانی حكوومەت و رێكخراوەكان و هاووڵاتییانەوە سەردانیان دەكەن و كۆمەك و هاوكاری دەكرێن.
ئەو كەسانەی بە هۆی هێرشی هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە ئاوارە بوون، وەك خۆیان دەڵێن تەنها خەمی رزگاركردنی گیانی خۆیان و ئەندامانی خێزانەكانیان بووە و هیچ شتێكی تریان لەگەڵ خۆیان دەرنەكردووە، بۆیە ئێستا پێویستیان بە هاوكاری و كۆمەك هەیە.
لە كەمپی سورداش (دەكەوێتە ناحیەی سورداش لە قەزای دوكان 70 كیلۆمەتر رۆژئاوای سلێمانی) كە نزیكەی 250 خێزانی ئاوارەی خورماتووی تیادا نیشتەجێ كراوە، بڕێكی زۆر هاوكاری گەیەنراوەتە كەمپەكە و دەست بەدابەشكردنی كراوە بەسەر ئاوارەكاندا.
یەك لەو رێكخراوانەی لە كەمپەكە سەرقاڵی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری بوو بەسەر ئاوارەكان، رێكخراوی خێرخوازی رابیتەی ئیسلامی كورد بوو، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی رێكخراوەكە، جەمال مەحمود راگەیاند “دوای ئەو رووداوە نەخوازراوەی كە روویدا لە قەزای خورماتوو كە بووە هۆی ئاوارە بوونی دانیشتوانەكەی، ئێمە پەیوەندیمان بە لیژنەكانی پارێزگای سلێمانییەوە كرد و هەستاین بە ئەركی خۆمان و ئەو پێداویستیانەی لە بەردەستمان بوو لە راخەر و شیری منداڵان و دایبی و پێداویستییەكانی تر هێناومانە و بەسەر دانیشتووانی كەمپەكەی دابەش دەكەین”.
لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ، چیا حسێن وتی: “لە سەرەتای رووداوەكەوە دەستمان بە ئامادەكاری كردووە و چەند رێكخراوێكی جیهانی و ناوخۆیش هاوكارییەكانیان ئامادەیە و بەسەر ئاوارەكان دابەش دەكرێت، وەك وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش لە هەوڵی دابەشكردنی پێداویستییە بەپەلەكانی وەك خۆراك و راخەر و بەتانی و پێداویستی گەرم كەرەوەین بۆیان”.
بەرپرسەكەی كۆچ و كۆچبەران باسی لەوەش كرد، لە بەشێكی زۆری قەزا و ناحیەكان هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارەكان دەستی پێكردووە.
رۆژی دووشەممە و دوای دەستپێكردنی هێرشی هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای كەركووك و قەزای خورماتوو و ناوچەكانی تر، كۆڕەوێكی بە كۆمەڵ لەو ناوچانەوە دەستی پێكرد و دەیان هەزار خێزان بەرەو پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی هەڵاتن.