بهپڕفرۆشترین کتێبی ئەمریکا ناوزەند کراوە لە 370 لاپەڕە پێکهاتووە، باس لە واقعی ژنان دهکات لە ئەمریکا وگرفتی کەمیی سەرکردایەتیکردنیان لە پۆستە باڵاکاندا دەخاتهڕوو، که گرنگترینیان ئهمانهن:
1- هانی گەنجان دەدات بەرامبەر بەو شتانەی هەمانە سوپاسگوزار بن، بەڵام بە هەلومەرجی ئێستا ڕازی نەبن، چونکە ئەوەیە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری و هێنانهدهی دادپەروەریی ڕاستەقینە.
2- قسەکردنی ژنان لەسەر کێشەی خۆیان هەنگاوەکان بەرەو پێشتر دەبات، نەک بێدەنگبوونیان. بۆ ئەمە نموونەیهک دەخاتە ڕوو که بههۆیهوه ههست بە گرنگیی پارکی ئۆتۆمبێل دهکات بۆ ژنانی دووگیان لە نزیک شوێنی کارەکانیانهوه.
3- له سەرتاسەری جیهاندا ژنان 20%ی کورسییەکانی پەرلەمان پێک دەهێنن، و باس لە کەمی ڕێژهی ژنان دهکات لە بازرگانیکردن و پاشان جیاوازی لە ڕووی مووچە و دەستکەوتەکانەوە لە نێوان ژنان و پیاواندا، نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە لە ساڵی 2010 دا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرامبەر هەر دۆلارێکی پیاوان، ژنان تەنیا 77 سەنتیان دەدرێتێ و لە ئەوروپا بەگشتی مووچەی ژنان بە ڕێژەی 16% لە مووچەی پیاوان کەمترە.
بۆیە یەکسانیی ڕاستەقینە، لە ڕێژەی 50%ی ژنان و پیاوان دهبینێتهوه و بە دەسەڵاتداران دەڵێت: “بەڵێنی یەکسانی شتێکە و، یەکسانیی ڕاستەقینە شتێکی تر.”
4- ژنان دهبێت دەنگێکی بەهێز و بەتوانا بن بۆ دەربڕینی پێویستیهکانیان و دهڵێت ” بوونی ژنی زیاتر لە دەسەڵاتدا دۆخی ژنان دەگۆڕێت” بۆ ئەوەش جەخت دەکاتەوە خۆڕزگارکردنی ژنان لە لەمپەرە ناوخۆیییەکانی بەردەمیان گرنگە، لەوانە: توندوتیژی، گێچەڵی سێکسیی، نەبوونی ئاسانکاری بۆ ژنانی کارکردوو لە ڕووی دایەنگه و مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی، هەروەها جەخت دەکاتەوە لە سەر ئەوەی ژنان لە لایەن خۆشیانەوە ڕێگرییان لێ دەکرێت، وەک ئەوەی متمانەیان بە خۆیان نییە، خۆیان دوورهپەرێز دەگرن و لە کاتی پێویست دهرناکهون و ناچنە پێشەوەو دەست بەرز ناکەنەوە.
بۆیە دهڵێت” ژنان کاتێک دەتوانن لەمپەرەکان بشکێنن، کە ڕۆڵی سەرکردایەتیکردن بەدەست بهێنین، نەک ڕوو بکەنە بەرپرسەکان و داوایان لێ بکەن.”
5- کهلتووری کۆمەڵایەتی، وا لە ژنان دەکات هەمیشە ئەو پەیامە نەرێنییانە لەناو خۆیاندا قەتیس بکەن بۆ نموونە، کاتێک دەگوترێت هەڵەیە گەر دەنگ بەرز بکەیتەوە، یان توند بیت و لە پیاو بەهێزتر بیت، خزمەتی ماڵ و منداڵ بە ئەرکی سەرەکیی تەنیا خۆمانی دەزانین، ئامادەین دەستبەرداری ئامانجە پیشەیییەکانمان بین، بۆ ئەوەی جێگە بۆ هاوسەر و مناڵەکانمان خۆش بکەین، هیوای وەرگرتنی پۆستە باڵا و بەرپرسیارێتییە بڕیارسازەکان ناگرینە ئەستۆ.
6- هانی مرۆڤهکان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانج و باوەڕی وایە سەرکردە ژنەکان، کلیلی چارەسەرەکانن، وێڕای ئاماژەکردن بەوەی سەرکەوتنی مرۆڤ تەنیا لە یەک شت کورت ناکرێتەوە، گرنگ دیاریکردنی ئامانجە لای مرۆڤ کهتێبگات بەختەوەریی خۆی لە بڕیارداندایە، و خۆی خاوەنی ئیرادەی بڕیاردانەکەیه.
7- جیاوازی کەلتووری پەروەردەیی، بۆیە دەڵێت: کوڕ چاوەڕوانیی لێ دەکرا تەورات بخوێنێت وکچیش ماڵێکی باش بەڕێوە بەرێت، لهبهر ئهوه نەدەکرا کوڕ لە قوتابخانە دەربهێنن و بۆ ئەوەش نموونەی نەنکی دەهینێتەوە کە لەدایکبووی 1917 بووەو چۆن بە هۆی نەبوونییەوە لە قوتابخانە دەریان هێناوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەرگدورییەوە یارمەتیی خێزانەکەی بدات، كهچی دواتر زانکۆی تەواو کرد.
8- کۆکردنەوەی کاروخێزان پێکەوە بۆ ژنان، گەریارمەتیدەری نەبێت سەختە بۆ ئەوەش دهڵێت: گرنگە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین، متمانە بەخۆبوون زیاد بکەین، لە ماڵەوە بەشداری بە منداڵەکانمان بکەین له بڕیارهکانداو توانای خۆمان بەکەم نەزانین.
9- کچان 57%ی دەرچووانی زانکۆ و60% خاوەن ماستەر پێک دەهێنن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و دهڵێت باشوری کوردستان 48%ی خوێندکارانی خوێندنی باڵا پێک دەهێنن و هێشتا لە دوای پیاوانەوەن، بههۆی ئهو پەروەردەیهی دەگوترێت دەست هەڵبڕە و ئینجا قسە بکە.
10- لێکۆڵینەوەکان دهريدهخهن پیاوان له ڕووی پیشهوه چاوهڕوانی ئهوهیان لێ دهکرێت تهماعیان ههبێت و ئاساییه بۆیان، له کاتێکدا بۆ ژنان نەرێنییه، لێرەش جارێکی تر کەلتوور هۆکارە، بەڵام ژنان زۆر جار بە هۆی ئەو خەسڵەتەوە ڕووبەڕووی سزای کۆمەڵایەتی دەبنەوە وهەر لە منداڵییەوە هاوسەرگیيری لە مێشکیان دەچەسپێنن كه شوو بکەن، بۆ ئەمەش، نووسەر خۆی بە نموونە دەهێنێتەوە کە چۆن لە 25 ساڵیدا جیا بۆتهوە.
11- پەیامە کەلتوورییەکان بهربهستن که دەگوترێت “زیرەک وەک بابە و، جوان وەک دایە” ئەمە نووسراوی سەر جلوبەرگی کۆمپانیایەک بوو لە 2011دا، یان بە کچان دهگوترێت “خۆسەپێن” کاتێک ئارەزوی سەرکردایەتی بکەن.
12- چەند بەشداربوونی ژنان لە بۆنەکاندا گرنگێتی خۆی ههیه، هێندە گرنگه هەست بە بوونی خۆیان بکهن، له بۆنهکاندا تهنها وەک تەماشاکەر یان دیکۆرێک دەرنهکەون، چونکە دوورکەوتنەوە و دوورەپەرێزییان، وەک ئەوە وایە نەبن و کاریگهریشیان نابێت لهو کاتهدا.
13- “سەرکەوتن نەکەنە قوربانیی خۆشەویستبوونیان”، بەو واتایهیه ژنانی سەرکەوتوو لە بواری کارکردنیاندا خۆشەویست نابن لە لایەن هاوکارانییانەوە، ئەوەش وایکردووە زۆریک لە ژنە سەرکەوتووە جیهانییەکان، لە پشت خۆیانەوە ناووناتۆرە و توانجیان لی بدرێت.
14- گەر بتەوێت شتێک بگۆڕیت، ناتوانیت هەمووان دڵخۆش بکەیت، گەر تۆ هەموو کەس دڵخۆش بکەیت وەک پێویست پێش ناکەویت، بۆیه بیر مەکەرەوە کە هیچ توانایەکت نییە ، چاوەڕێ مەکە دەسەڵاتت بدرێتێ، قبووڵکردنی مەترسی، هەڵبژاردنی گەشە، تەحەدداکردنی خۆمان و داواکردنی پلەبەرزبوونەوە، بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانمان پێکهینەری گرنگن.
15- ڕاستییەکان ڕەها نین لای کهسێک بێت و دەشێت بۆچوونەکەی خۆی ڕاست بێت و هی بەرامبەرەکەیش، جگە لەوەی چۆنێتی دەربڕینی بۆچوونەکان شێوەی خۆی هەیە، بە شێوەیەک نەبێتە هۆی ناکۆکی خستنەوە و زمانی زبر؛ هەروەک چۆن گوێگرتنیش گرنگیی خۆی هەیە .
16- وازهێنانی ژنە خوێندەوارەکان، بوونی بۆشایی سەرکردایەتی زیاتر دهکات، کە بە هۆی منداڵ و هۆکاری کۆمەڵایەتییەوە ناچار دەبن واز بهێنن، یان کارەکەیان وا دەگونجێنن کە بۆ منداڵەکەیان گونجاو بێت، یان نیودەوام دهکهن، وباس له سزای دایکایهتی دهکات کهبههۆی دورکهوتنهوهیان لە کارەکانیان، داهاتیشیان دادەبەزێت، یان بە هۆی زۆریی تێچوونی دایەنگه واز دەهێنن .
17- دهبێت مێرد لە بەخێوکردنی منداڵ و ماڵدا خۆی بە هاوبەشی ڕاستەقینەی ژن بزانێت ، نەک چاکەیەکه لەگەڵ هاوسەرەکەی دەيکات، بۆیه مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی پێویسته ههبێت لهکاتی منداڵبووندا.
18- پشتگیریى نهکردنی ژنان لهناو خۆیاندا، یەکێکە لە بهربهستهکانی بەردەم ژنان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەمەیش بە هۆی کەلتوورهوهیه.
له کۆتاییدا نوسهر دهڵێت: نە ناکۆکیی ئێمە بەرامبەر ئەوان و نە ئێمە بەرامبەر بە خۆمان، نامانگەیەنێتە ئامانج، بۆیە پشتگیریکردنی هەر یەکە بۆ خۆیان، کاریگەری خۆی هەیە.