جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق، پێکھێنانی لیژنەیەکی وزاری باڵای راگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنی چالاکیەکانی نەوت، لەپارێزگای کەرکوک و دابینکردنی پێداویستیەکانی پارێزگاکە.
عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رایگەیاند وەزیری نەوت بەشێوەیەکی راستەوخۆ سەرپەرشتی کاروبارەکانی لیژنەی وەزارەت و ژووری ئۆپراسیۆنەکان لەکۆمپانیای نەوتی باکور دەکات، بەمەبەستی بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنی چالاکیەکانی نەوت لەپارێزگای کەرکوک بەمەبەستی پەلەکردن لەپێشکەشکردنی راسپاردەکان و پێشنیارە پێویستەکان بۆ بوژانەوەی پیشەسازی نەوت لەو پارێزگا.
جیھاد، ئەوەشی راگەیاندووە، لیژنەی وەزارەت پێکھاتووە لەژمارەیەک بریکارو بەرێوبەری فەرمانگەو کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان لەوانە کۆمپانیای پرۆژە نەوتیەکان، ھێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتیەکان، گازو فەرمانگەی ھونەری، ئامێرەکان، پەرەپێدانی کێڵگەکان و گرێبەستە نەوتیيەکان.
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، دوپاتیکردەوە، لیژنەی وەزارەت لە پێداویستیيەکانی پارێزگاکە لەبارەی بەرھەمەکانی نەوت دەکۆڵێتەوە، لەپێناو دابینکردن و کارکردن لەسەر دانانی میکانیزم و پلانی بەپەلە و خێرا کە بەشداریدەکەن لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریەکان کە پێشکەش بە ھاوڵاتیانی پارێزگاکە دەکرێن.