بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، عێراق لەبواری یەدەگی نەوتدا، پلەی پێنجەمی لەسەر ئاستی جیھان تۆمار کردووە.
توێژینەوەکە کە لەلایەن پێگەی “ئینسایدەر مانکی” ئەمریکی ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەداوە: لە ئێستادا عێراق خاوەنی ١٤٢,٥٠ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگەو بەمەش لەسەر ئاستی جیھان، لە پلەی پێنجەمدایە، باس لەوەشکراوە: ڤەنزوێلا بەزیاتر لە ٣٠٠ ملیار بەرمیل لە پلەی یەکەمدایەو دوای ئەویش سعودییە بە ٢٦٦ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ لە پلەی دووەمدایە، کەنەدا بە ١٦٩,٧١ ملیار بەرمیل نەوت لە پلەی سێیەم و ئێران بە ١٥٨ ملیار بەرمیل لە پلەی چوارەمدایەو دوابەدوای عێراقیش، ھەریەک لە ئیمارات و کوێت لە پلەکانی شەشەم و حەوتەمدان.
پێگەی “ئینسایدەر مانکی” ئەمریکی لە توێژینەوەکەدا پشتی بە ئاماری ساڵانەی رێکخراوی ئۆپیک و ناوەندی زانیاری وزەی ئەمریکاو بانکی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای بی بی بەستووە.
بەپێی توێژینەوەکە، ھەریەک لە نەیجیریاو کازاخستان و چین و قەتەڕو بەڕازیل و جەزائیر، لە پلەکانی یانزەیەم تا شانزەیەمینن لەڕووی یەدەگی نەوت لەسەر ئاستی جیھاندا. بەپێی ئامارەکان، دوابەدوای سعودییە، عێراق لەسەر ئاستی رێکخراوی ئۆپیک، بەدووەم گەورەترین بەرھەمێھنەری نەوت دادەنرێت و بەرھەمی کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، ژمارەیەکی پێوانەیی لەڕووی بەرھەمھێنانی نەوت تۆمار کردبوو.
توێژینەوەکەی پێگەی “ئینسایدەر مانگی” ئەمریکی لەکاتێکدایە، کە وڵاتانی ئۆپیک و دەرەوەی رێکخراوەکە، پلانێکیان بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت داڕشتووە، بەمەبەستی رێگرتن لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا.