ھەردوو کێڵگەی بای حەسەن و ئاڤانا کەوتنە دەست سوپای عێراق

هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی کوردستان- جەیهان بەردەوام رووی لە دابەزینە، دوای ئەوەی بەهۆی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دوو کێڵگەی بای حەسەن و ئاڤانا کەوتنە دەست سوپای عێراق.

ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەو بەکارخستنی کەرەستەکانن لەو دوو کێڵگەیەدا و هێشتا بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیە دەستیپێنەکردووە.

تا پێش داگیرکردنی کەرکووک رۆژانە 275 هەزار بەرمیل نەوت لەو دوو کێلگەیە بەرهەمدەهات. بەپێی هەندێ سەرچاوە تا رۆژی یەکشەممە ناتوانرێت دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیە بکرێتەوە.

ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان رۆژی پێنجشەممە دابەزی بۆ 196 هەزار بەرمیل، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە رۆژانە 225 هەزار بەرمیل لە بۆری نەوتی کوردستان هەناردەکرابوو.

پێش داگیرکردنی کەرکووکیش رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی ئەو بۆرییەوە هەناردە دەکرا.