بازرگانێكی كورد كە نیشتەجێی جاكارتای پایتەختی ئەندەنوسیایە، ساڵی 25 تەن گازۆ رەوانەی شاری سلێمانی دەكات، ئەو دەڵێت “ساڵا بەساڵا نرخی گازۆ بەرزتر دەبێتەوە، چونكە رێژەی كەمەو لەهەموو وڵاتێكدا ناكرێت”.
خاوەنی كۆمپانیای رێكار “سەروان كەریم عەبدوڵا” كە بازرگانێكی كوردی دانیشتووی ئەندەنوسیایەو لەجاكارتاوە گازۆ رەوانەی شاری سلێمانی دەكات، بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند كە گازۆ بەرهەمی ئەو وڵاتانەیە دەكەونە هێڵی كەمەرەیی گۆی زەوییەوە، دیارترین تایبەتمەندیی ئەم وڵاتانە ئەوەیە لەژێر كاریگەریی تیشكی خۆری ستونیدانو باران تیایاندا هەمیشەییە، وڵاتانی وەك ئەندەنوسیا، ڤێتنام، لاوسو كەمبۆدیاو فلیپینو باشوری هندستانو كینیاو باشوری ئەفەریقاو بەرازیل.
ئەو وتی “ئەو جۆرە گازۆیەی لەئەندەنوسیا بەرهەم دەهێنرێت یەكێكە لەباشترین جۆری گازۆ لەجیهاندا، كە قەبارەكەی گەورەیەو وردییو شكاویی زۆر كەمەو كۆمپانیاكەمان ئەم جۆرە دەهێنێتە سلێمانیەوە”.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەساڵی 2005ەوە بەهۆی سەرقاڵییەوە بەكاری بازرگانی لەئەندەنوسیا نیشتەجێ بووەو لەساڵی 2008ەوە كارگەی لەقووتوونانی گازۆی دامەزراندووە، كە ماركەی (النخلە)یەو بەپێی مواسەفاتی عێراقی دەكرێتە تەنەكەوەو ناوی تەنەكەكەش تەپەدۆری تێكراوە بۆ ئەوەی لەڕووی تەندروستییەوە بێ گرفت بێتو دوای ئەوەی دەیهێنرێت لەسلێمانی دەیبرژێنن.
سەروان وتی “ساڵی رابردوو 25 تەن گازۆمان رەوانەی سلێمانی كردووە، هەروەها كۆمپانیایەكەمان 50 تەنیشی رەوانەی وڵاتانی سوریاو لوبنانو تونس كردووە”.
وتیشی “ئەوەی تێبینی دەكرێ ساڵا بەساڵا نرخی گازۆ بەرزتر دەبێتەوە، ساڵی 2009 نرخی هەر كیلۆیەك 6 بۆ 7 دۆلار بوو، بەڵام ساڵی پار 2011 نرخی هەر كیلۆیەك گازۆ بوو بە 13 دۆلار، چونكە باران بارین كاریگەری زۆری هەیە لەسەر رێژەی بەرهەمێنانی، جگە لەوەی كە رێژەكەشی كەمەو لەهەموو وڵاتێكدا ناكرێت”.