لەسەر دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دڵنیایی دەدرێتە ھاوڵاتییان

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای دەکات. بۆ دابەشکردنی خۆراک و بەشەئاردی مانگانەی ھاووڵاتییان ھیچ گرفێک لەئارادا نییە.

نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی  راگەیاند: ”لە کۆگاکانی خۆراکی بەرێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی خۆراک ٤٥ ھەزار تەن شەکر ھەیە، داندراوە بۆ دابەشکردنی بەسەر ھاووڵاتییان”.

ئاشکراشی کرد، لە کۆگاکانی ھەولێر بەشە برنج ھەیە و ئێستا دەست کراوە بە دابەشکردنی شەکر، گوتیشی: ”ئاردیش بەردەوامە و کێشەی نییە، چونکە لە سایلۆکان گەنمێکی زۆرمان ھەیە”.

جەختی کردەوە، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا قسەیان کردووە کە کێشەی ھەولێر و بەغدا ھیچ کاریگەریی ناکاتە سەر بەشەخۆراک و بەردەوام دەبێت.

وێڕای ئەوەی فۆرمی خۆراک بۆ تەواوی شارەکانی عێراق چاپ کراوە، بەڵام تا ئێستا بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان چاپ نەکراوە و نەدراوەتەوە ھاووڵاتییان.

دارا محەمەد دزەیی وتی: ”پسوولەی ٢٠١٦ چاپ نەکرا، ٢٠١٧ و ٢٠١٨ش تا ئێستا نەھاتووە، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عێراق لەو بابەتە بە ساردە، بۆیە پرسەکە پەیوەندیی بە کێشەی سیاسییەوە نییە و ئیداری و تەکنیکییە”.

ئاماژەی بەوەش دا، لە ناوچەکانی تری عێراقیش رێژەیەکی کەمی پسوولەی تازە دابەش کراوە.

لە بەشەخۆراکی بایەعی شەکر و برنج و رۆن و ئارد دابەش دەکرێت.

دزەیی دووپاتی کردەوە، ھیچ کێشەیەک لە بەشەخۆراکی بایەعیدا نییە، گوتیشی: ”ھەر ماددەیەک بێت ئەوە یەکسەر دابەش دەکرێت، خۆی ٢ مانگ جارێک خۆراک دێت و ھەندێکیش لە کۆگاکانی ئێمە ھەڵدەگیرێت، بۆ نموونە ئێستا شەکر و برنج ھەیە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت”.

 

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی ھەولێر جەختی کردەوە، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا کاریگەرییان نەکردووەتە سەر خۆراکی مانگانە، چونکە ئەو پرسە پەیوەندیی بە بڕیارێکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ھەیە.

 

بە بڕیاری ٩٨٦ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٧وە لە رێگەی بریکارەکان خۆراکی مانگانە دابەشی سەر ھاووڵاتییان دەکرێت.

 

عەبدلڕەزاق عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: “ئەو بەشەخۆراکە لە ماوەی دەسەڵاتی بەعسی لەناوچووشدا دەدرایە ھاووڵاتییان و بەھۆی ئەوەی لە دەسەڵاتیدا نەبوو، بۆیە ڕژێمی بەعس نەیتوانی ڕێگە لە ناردنی بگرێت، ھەروەھا ئێستاش حکوومەتی عێراق ناتوانێت بڕیاری بڕینی بدات”.

شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای سلێمانی رای گەیاند: ”لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق قسەیان کردووە و دڵنیایی تەواویان پێ داون لەوەی کە بەغدا بەردەوام دەبێ لەسەر ناردنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان”.

ئاشکراشی کرد، لەم چەند رۆژەدا دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەکەن، کە لە شەکر و زەیت پێکھاتووە.