سلێمانى لیژنەهاوبەشەکان هەوڵەکانیان چرتر دەکەنەوە

قائیمقامى سلێمانى لەگەڵ تەواوى ئەندامان و سەرۆکى لیژنەکانى سەربەلیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامییەتى سلێمانى کۆدەبێتەو و دڵنیایش دەداتە هاوڵاتیانى شارى سلێمانی کە نرخى کاڵاو شمەک و جێگیر دەبێت و سەرجەم لیژنەکانیشى راسپارد بەدواداچوونى زیاتر لەوبارەیەوە بکەن.
ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لە دیوانى قائیمقامییەت بەمەبەستى پێداچوونەوە بە ئیش و کارەکانیان، لەگەڵ نوێنەران و ئەندامانى  سەرجەم لیژنەکانى سەر بە لیژنە هاوبەشەکان کۆبوویەوە، لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا ئاوات محەمەد داواى سەرجەم لیژنەکان کرد بە گروتینێکى زیاترەوە چاودێرى کۆگاو بازار و شوێنە گشتییەکان بکرێت، تاوەکو بەهەموو جۆرێک رێگرى بکرێت لەو کەسانەى ئیستغلالى باردودۆخى ئێستا دەکەن بەجۆرێک بەرژەوەندى هاوڵاتیان پارێزراو بێت.
داواشى لە سەرجەم لیژنەکان کرد  بەهەماهەنگى لەگەڵ لیژنەى باڵا ژمارەى سەردان و بەدواداچوونەکانیان زیاتر بکەن و  بە بەرنامەیەکى تۆکمە تر و باشترەوە کاربکەن و بارودۆخى ئێستاى کوردستانى تێدا رەچاوبکرێت.
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا قائیمقامى سلێمانى ئەوەى خستە روو کە،  برى پێویستى شمەک لە کۆگاکانى شارى سلێمانیدا هەیەو هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە، بەوهۆیەشەوە داواى لە لیژنەکان کرد کە رێگرى لە بەرزبوونەوەى  نرخ بکەن.
لە بارەى سوتەمەنیشەوە رایگەیاند: برى پێویستى سوتەمەنى لە بەنزینخانەکاندا هەیە و نرخى سوتەمەنى بە بەراورد بە پارێزگاکانى ترى هەرێم کەمترە، هۆکارى ئەمانەشى گەڕاندەوە بۆ هاوکارى و هەماهەنگى فەرمانگەو بەرێوەبەرایەتییەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى”.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەشدا دڵسۆزى و هەوڵ و  ماندووبونى لیژنە هاوبەشەکانى بەرز نرخاند و داواى لێکردن بە دڵسۆزى و ئەمانەتەوە ئەرکى سەر شانیان ئەنجام بدەن.