لەھەورامان قەزوان بۆتە سەرچاوەی داھات بۆ هاوڵاتیان

بە گشتی شاخەکانی ناوچەی ھەورامان ھەزاران دارەبەنیان بە شێوەیەکی سروشتی لێ رواوە، ئەو دارەبەنانە سەرەرای ئەوەی سەرچاوەی دابینکردنی بنێشتی کوردین لە وەرزی ھاویندا لە وەرزی بەھاردا قەزوانی فەریکە و لە وەرزی پاییزیشدا قەزوانی پێگەیشتوو دەبەخشنە ھاووڵاتییان، بۆیە بە ھاتنی وەرزی پاییز و پێگەیشتنی قەزوان، سەدان کەس روو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن بە مەبەستی قەزوان کردن کە ھەندێک لەو کەسانە وەک سەرچاوەی داھات سوودی لێوەردەگرن و بە درێژایی ماوەی مانەوەی قەزوان کە تا کۆتایی وەرزی پاییز دەخایەنێت، رۆژانە قەزوان دەکەن و لە بازاڕدا دەیفرۆشن.

سەلاح عەبدوڵڵا کە پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵە و توانایەکی باشی ھەیە لە کۆکردنەوەی بەرھەمە سروشتیەکان و ساغکردنەوەی لە بازاڕدا، وتی: “لە بەھاردا کە دارەبەنەکان بەردەگرن و قەزوان دەبێتە فەریکە سەدان کیلۆ فەریکەی قەزوان دەکەم و لە بازاڕدا دەیفرۆشم، پاییزانیش لەگەڵ پێگەیشتنی قەزوان رۆژانە دەچمە شاخەکان و ئەوەندەی خوا کردبێتیە قسمەت قەزوان دەکەم کە رۆژ ھەیە ١٠ کیلۆ و رۆژ ھەیە ١٥ کیلۆ قەزوان و رۆژیش ھەیە زیاتر دەکەم و لە بازاڕیشدا بۆ من لە سەرەتاوە کیلۆی سێ ھەزار دیناری دەکرد، بەڵام ئێستاش دوو ھەزار دینار دەکات”.

ھەرچەندە قەزوان لە سەرەتای پێگەیشتنیدا تا راددەیەک نەرمە و شکاندنی ئازاری ددانەکانی مرۆڤ نادات، بەڵام پاش لێکردنەوەی بە چەند رۆژێک بە تەواوی رەق دەبێت، بۆیە لە ناوچەی ھەورامان سەرەرای خواردنی بە شێوەی ئاسایی، جۆرە شیرینیەکی تایبەتی لێدروست دەکرێت کە پێی دەگوترێت کوتە کە بە شێوەیەک دروست دەکرێت قەزوانەکە لەگەڵ توو پێکەوە دەکوترێن و لە شەوانی درێژی زستاندا وەک شەوچەرە دەخورێت.

بەشێکی ئەو کەسانەی دەچنە شاخەکان بۆ قەزوان کردن، تەنھا وەک ئارەزوویەکی تایبەت و حەزی خۆیان بۆ خواردنی قەزوان ئەو کارە دەکەن، تا شەوان وەک شەوچەرە بیخۆن، ئەمە سەرەرای ئەوەی گەڕان و قەزوان کردنەکەیان جۆرێکە لە شاخڕەوی و دوورکەوتنەوەیانە لە جەنجاڵی رۆژانە.

زانیار عەبدوڵڵا کە لەگەڵ ھاوڕێکانی بۆ شارۆی گوێز روویان لە گوندی پاڵانیای ناوچەی ھەورامان کردبوو، درەنگێکی ئێوارە رووی لە شاخ کردبوو بۆ قەزوان کردن، ئەو وتی: “قەزوان کردن ئارەزوویەکی تایبەتە، خواردنیشی حەزێکی تایبەتە چۆن لەکاتی دانیشتن بەدیار تەلەڤیزیۆنەوە چەرەسات دەخۆین، ئاواش بەدەم تەماشاکردنی یاریەوە خواردنی قەزوان زۆر بەتامە”.

قەزوان کە بەرھەمی پاییزەی دارەبەنە لە کاتی پێگەیشتنیدا چەند رەنگێک دەنوێنێت کە ھەندێکی سەوز دەبێت و ھەندێکیشی رەنگی شینی پیرۆزەیی و ھەندێکیشی مۆر دەبێت، ئەمە سەرەرای جیاوازی دەنکی قەزوانەکان لە دارەبەنێکەوە بۆ یەکێکی تر کە ھەندێکیان گەورە و ھەندێکیان ورد و بچووکن.

تزبیحی قەزوان یەکێکی ترە لە بەکارھێنانەکانی قەزوان لە کوردەواریدا کە شارەزایانی دروستکردنی ئەم جۆرە تەزبیحە خۆیان جۆری ئەو قەزوانانەی بۆ کارەکەیان بەکاری دەھێنن باشتر لە خەڵکانی ئاسایی دەناسن و ساڵانە رێژەیەکی باش قەزوان لەو جۆرانەی خۆیان مەبەستیانە دەکەن و دواتر تەزبیجی لێدروست دەکەن.