ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانی خۆراکە

ئەمڕۆ لە ھەموجیھاندا بەڕۆژی جیھانی خۆراک ناو دەبرێت و ڕێکخراوەکان و وڵاتان ھەوڵدەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوریەکان و چارەسەرکردنیان.
 
بڕوا خالید مامۆستای زانکۆی سلێمانی دەربارەی ڕۆژی جیھانی خۆراک و دەربارەی لە کوردستان چی بکرێت لەم بابەتەدا تەواوی باسی ئاسایشی خۆراک دەخاتە ڕوو.
 
ڕۆژی جیهانی خۆراک  لە کوردستاندا
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا  16ی ئۆکتۆبەری  هەموو ساڵێک دانراوە بە ڕۆژی جیهانی خۆراک کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی ناسراو بە (فاو) لە 1945 دا ، لەم ڕۆژەدا سەرجەم رێکخراوە خۆراکی و کشتوکاڵی و مرۆییەکان هەڵدەستن بە چالاکی جۆراوجۆر و لە 150 وڵات زیاتر ئەم یادە دەکرێتەوە . سەرەتای دانانی ئەم بەروارە بە فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی  1979 پاشان لە ساڵی 1981بە دواوە هەموو ساڵیک دروشمێک یاخود  ناونیشانێک دانراوە بۆ ئەم ڕۆژە کە تایبەت بووە بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک وئاو و بوژاندنەوەی کشتوکاڵ وسێکتەرەکانی و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و برسێتی و جێگیرکردنی نرخی خۆراک .
ئامانج لە ڕۆژی جیهانی خۆراک :
1- بەرهەڵستی کردن وکەمکردنەوەی برسێتی و هەژاری وبەدخۆراکی بە تایبەت لە وڵاتانی هەژارو دواکەوتوودا، ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی و وڵاتانی پێشکەوتوو بەمەبەستی هاوکاری کردنیان و بەهاناوەچونیان.
2- گواستنەوەی تەکنەلۆجیاو زانستی سەردەمیانە بەمەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم
3- گرنگی دان بە بەرهەمە کشتوکاڵیەکان کە لەسەر ئاستی تاک یان گروپ بەرهەمهاتووە و پێکەوە بەستنی وڵاتانی هەژارو پێشکەوتوو بەمەبەستی پتەوبوونی باری ئابووری و تەکنیکی کەمکردنەوەی برسێتی و بێکاری .
4- گرنگیدان بە ژیانی گوندنشینان و باشکردنی بژێوی و لایەنی تەندروستی و پەروەردەییان و هوشیارکردنەوەی ئافرەتان و بەشداری پێکردنیان لە بوژاندنەوەی سەرچاوە کشتوکاڵیەکان.
 
 
دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی خۆراک 2017  بریتیە لە :
گۆڕانکاری لە داهاتووی کۆچبەراندا بە وەبەرهینان لە ئاسایشی خۆراک وگەشەپێدانی گوندەکان
لەم سالدا جیهان  توشی قەیرانی کۆچ و کۆچبەران بووە کە لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ئەوەندە ئاوارەبوون و کۆچکردنی بەخۆیەوە نەدیووە کە هەندێک لەم کۆچڕەوییانە ناوخۆی و هەندێکیان سنوربڕین و نێودەوڵەتی بووە کە هۆکاری سەرەکیش بریتیە لە ناجێگیری دۆخی سیاسی و بوونی شەڕ و ناکۆکی و زیادبوونی ناعەدالەتی و بێکاری و هەژاری و برسێتی لەگەڵ هۆکاری تری وەک گۆڕانکاری لە کەش و هەواو ژینگە ودیمۆگرافی یە، زۆربەی ئەم کۆچکردنەش ڕوەو وڵاتە گەشەسەندو و پێشکەوتووەکانە کە بووە بە کێشەی هاوبەشیان ،هەر بۆیە ئاڕاستەی کاری ڕێکخراوی فاو بەرەو چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە هەنگاو دەنێت بە هاوکاری پالًپشتیە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوە مرۆییەکان و کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانی کومەڵی مەدەنی بۆ :
1- نەهێشتنی هۆکارە سەرەکیەکانی  کۆچکردن و بوژاندندنەوەی گوندەکان و گوندنشینان لەو وڵاتانەی کە زۆرترین رێژەی کۆچکردنی تیا ڕویداوە بە وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵی و بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیان وسەرچاوە سروشتیەکانیان و گەیشتنیان بە ئاستی خۆژێنی بە دامەزراندنی پرۆژە ی پچوک و مامناوەند لە بوارەکانی (شیرەمەنی ،پەلەوەر بەخێوکردن،پیشەسازی خۆراک  و باخداری)ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کار بەشێوەیەکی گشتی بۆ هەموان وە بەتایبەتتر بۆ ئەوانەی کە شارەزاییان هەیە لەو بوارانەدا و بەمەش رێژەی کۆچکردن سنورداردەکرێت
2- هاندان و ناچارکردنی وڵاتانی گەشەسەندوو بە وەبەرهێنان لە وڵاتانی هەژار و ئەو وڵاتانەی کۆچکردن تیایدا بەردەوامە وە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەی و کشتوکاڵی و بەهێزکردنی سەرچاوەکانی ژیان و ئابورییان بەمەبەستی ڕێگرتن لە لێشاوی پەنابەران لەسەر وڵاتەکانیان.
دەکرێت چی بکەین لە کوردستاندا:
1- دەکرێت لە ئێستا بە دواوە کار لەسەر وەبەرهێنان بکرێت لە سێکتەری کشتوکاڵدا لە  کوردستاندا  بەڵام بە پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆژانەی کە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکریت دوای هەڵسەنگاندنیان نەک دروستکردنی بەربەست و داواکردنی پشک لێیان و پەشیمانکردنەوەیان ! ئەمەش بە بانگهێشتکردنی کۆمپانیا ناودارەکان لەسەرجەم بوارە جیاوازە کشتوکاڵییەکان  و سەرچاوە ئاوییەکاندا و دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەو توانا مرۆییەی کە خەریکە بە لێشاو کۆچدەکەن  بەداخەوە بۆ هەندێکیان ئەبیتە کۆچی تەمەنیان .
2- بانگهێشتکردن و دروستکردنی پەیوەندیەکی بەتین لەگەڵ رێکخراوە کشتوکاڵی و خۆراکی و مرۆییەکان و ئەگەر بکریت نوسینگەیان لە زۆربەی شارەکان بۆ بکرێتەوە و پرۆژەی هاوبەشیان هەبێت لەگەل زانکۆکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و کەرتی تایبەتی ناوخۆی و دەرەکی.
3- سوود وەرگرتن لەو برا کوردانەی کە ئێستا لە پارچەکانی ترەوە ئاوارەبوون و نیشتەجێی کوردستانن کە بەشێکی زۆریان شارەزاییان هەیە لە بواری جوتیاری و باخداری  و ئاژەڵداری و سود وەرگرتن لە تواناکانیان و دابەشکردنیان بەسەر گوندەکاندا بە پێی جۆری کارەکانیان کارئاسانی کردن بۆیان و دەستگیرۆکردن و تەنانەت پێدانی زەویش پێیان .
ئەوەی ماوە بوترێت ئەو پرسیارەیە دەبێت ئاخۆ لەساڵانی داهاتوودا لە ڕۆژی جیهانی خۆراکدا بەرهەمەکانی کوردوستان بنێردرێت بۆ (توغۆ)؟