وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی رایگەیاند، دەروازە سنوورییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانی عێراق، دانەخراون.
بەهرام قاسمی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئیسنا، سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکەن، وتی: ”وەک پێشتریش رامانگەیاند ئێمە لەسەر داوای حکوومەتی ناوەندیی عێراق کایەی ئاسمانییمان بە رووی هەرێمی کوردستانی عێراقدا داخستووە. جگە لەوەش، ئەوەندەی من زانیارییم هەبێت هیچ پێشهاتێکی دیکە نەبووەتە جێگەی باس”.
پێشتر بەرپرسی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئارام سایەخان لەو بارەیەوە راگەیاندبوو “لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە كۆماری ئیسلامی ئێران مەرزەكەی داخستووە و رێگا بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نادرێت”.
ئەو لێپرسراوەی مەرزەکە ئاماژەی بەوەش دابوو کە بە فەرمی لە هۆكاری داخستنی مەرزەكە ئاگاداریان نەكردوونەتەوە و پێیان راگەیاندون كە پاشتر بە رەسمی ئاگاداریان دەكەنەوە لە هۆكارەكەی.