ملیارێك دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان تەرخان كرا

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ملیارێك دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە بەنداوی دەربەندیخان تەرخان كرد. 

بەنداوی دەربەندیخان سەر بە پارێزگای سلێمانی و شارۆكەی دەربەندیخانە و مێژووەكەی بۆ زیاتر لە نیو سەدە دەگەڕێتەوە، ماوەیەك پێش ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ملیارێك دیناری بۆ تەرخان كرد و ئێستە لە %٣٠ كارەكانی تەواو بووە.

رەحمان خانی بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخان لەو بارەیەوە ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی یەك ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە پێداویستی و كەموكورتییەكانی بەنداوی دەربەندیخان تەرخان كردووە. 

زیاتر وتی، ئێستە كۆمپانیای جێبەجێكار كار لە و پڕۆژانە دەكات لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەی بۆی دابین كراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە ئێستە30% پڕۆژەكە تەواو بووە. 

خانی ئاماژەی كرد، لەناو ئەو پڕۆژانەی كە بۆی دیاری كراون، رووپۆشكردنی لاشاخێكی بەنداوەكەیە كە كاریگەری هەیە بۆ سەلامەتی بەنداوەكە، هەروەها كلینێكی سەرئاو كەوتووش لەژێر چاككردنەوایە كە زۆر گرنگە بۆ چاكسازی تەوافەكان، هەروەها بەستنی كامێرای چاودێری و ئامێرە هەستیارەكانی بەنداوی دەربەندیخان بەیەكەوە لە لایەن فایبەر ئۆپتیكەوە لە ژێر چاكسازیدایە.