سامانه‌ سروشتییه‌كان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌خاته‌ڕوو

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا پێنج خاڵ ده‌خاته‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پێكنه‌هاتن له‌باره‌ی كێشه‌كانی نه‌وت.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌..

1- حكومه‌تی عێڕاق مووچه‌ی ته‌واوی كارمه‌ندانی حكومه‌ت، به‌شه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت، پێشمه‌رگه‌، پۆلیس و ئاسایس و خانه‌نشینان دابین بكات كه‌ مانگانه‌ ده‌كات 915 ملیار دیناری عێراقی.

2- به‌شی 17%ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی ته‌واوی عێراق بۆ به‌ركارهێنانی ناوخۆ بۆ كوردستان دابین بكرێت به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی بۆ پاڵێوگه‌ و وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.
3- له‌ بودجه‌ی ته‌شغیلی عێراق، به‌شی 17% بۆ بودجه‌ی ته‌شغیلی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابین بكرێت (جودا له‌ بودجه‌ و مووچه‌).

4- حكومه‌تی عێراق گه‌ره‌نتی پێدانی پاره‌ی كۆمپانیاكانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رهه‌مێنانی نه‌وت له‌ كوردستان بكات به‌گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ كراون بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكان له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و به‌ده‌ستهێنانی قازانج به‌رده‌وام بن.

5- یان حكومه‌تی هه‌رێم پێشنیازێكی هه‌ره‌ ئاسان ده‌كات كه‌ ئه‌ویش : حكومه‌تی هه‌رێم 17% له‌ ته‌واوی به‌رهه‌می نه‌وتی عێراق و كوردستانی پێبدرێت و حكومه‌تی هه‌رێم خۆی ته‌واوی خاڵه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.