بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئاشكرای كرد، پاش كۆتاییهاتنی مانۆڕی سەربازی ئێران لە سنووری خۆیان هیچ هێزێكی ئێرانی لەسەر سنوور نەماوەو هەموویان پاشەكشەیان كردووە، هەروەها جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانیش لە سنووری حاجی ئۆمەران زۆر لە جاران باشترو قەڵەباڵغترە.
دوای ئاشكرابوونی ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئێران و حەشدی شەعبی مانۆڕێكی سەربازییان لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان لە دیوی ئێرانەوە دەست پێ كرد، بەڵام ئیستا ئێران پاشەكشەی بە هێزەكانی كردووەو لەسەر سنوور نەماون.
(فەرزنك ئەحمەد) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران دەڵێت، پاش كۆتاییهاتنی مانۆڕی سەربازی ئێران لە سنووری خۆیان، هەموو ئەو هێزانەی لەسەر سنوور بوون، پاشەكشەیان كردووەو گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و هیچ هێزێكیان لەسەر سنوور، دیار نییە ڕەوشی ناوچە سنوورییەكانیش بە شێوەیەكی گشتی ئارامەو هیچ كێشەیەك لە ناوچەكەدا نییە.
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕوونیشیكردۆتەوە، لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران تەنیا هەناردەكردنی سووتەمەنی، هەندێك كێشەی هەیە، لە هەوڵداین كە ئەوەش چارەبكەن و وەكو جاران و بگرە باشتریش هاوردە بكرێتەوە، ئەگەرنا جگە لە سووتەمەنی، جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە جاران زۆر باشترەو ڕۆژانە بەردەوام گەشتیاران دێن و دەچن.
(فەرزنك ئەحمەد) بۆ ماڵپەری پارتی دەشڵێت، ئەو سزایانەی عێراق بەسەر خەڵكی كوردستانیدا سەپاندوون، كاتین و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتاییان پێ دێت و خەڵك دڵنیا دەكەینەوە ڕەوشەكە زۆر لە جاران خۆشترو باشتر دەبێت.