وەزارەتی تەندروستی: لەسەدا 70ی دەرمانەكان نرخیان یەكخراوە


 وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند كە پلانی رێكخستنەوە و یەكخستی نرخی دەرمان بەردەوامە و تا ئێستا لەسەدا 70ی دەرمانەكان نرخیان یەكخراوە. جەختیش دەكاتەوە كە جێبه‌جێكردنی نرخه‌كان، ناچارییه‌ بۆ هه‌مو ده‌رمانخانه‌ و كۆگا و كۆمپانیایه‌ك.
 
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا جەختی لەوە كردۆتەوە كە پلانی رێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی نرخی ده‌رمان “سه‌ركه‌وتوانه”‌ به‌رده‌وامه‌ و زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ڕێگه‌ی لێژنه‌یه‌كی پسپۆڕ و شاره‌زا له‌بواری دانانی نرخی ده‌رمان، پلانی یه‌كخستن و رێكخستنه‌وه‌ی نرخی ده‌رمان به‌پڕۆسه‌یه‌كی زانستی و به‌سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی وڵاتانی تر جێبەجێكراوە.
 
ئاماژەی بەوەشداوە كە تائێستا لەسەدا 70ی ده‌رمانه‌كان نرخیان یه‌كخراوه‌ كه‌ نزیكه‌ی 5 هەزار جۆر ده‌رمان ده‌بێت و ئێستاش پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ تاوه‌كو هه‌مو ده‌رمانه‌كان كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن له‌خۆ ده‌گرێت.
 
وەزارەتەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە نرخدانانه‌كه‌ به‌پێی پلانی دیاریكراو، چوار گروپ ده‌گرێته‌وه‌ گرۆپێكیان لەسەدا سەد نرخیان كه‌مبۆته‌وه‌، دو گروپیان زیاتر له لەسەدا پەنجا و كه‌متر لەو رێژەیە‌ نرخیان دابه‌زیوه‌ و گروپێكەی دیكە نرخه‌كانیان وه‌ك خۆیانن.
 
وەزارەتی تەندروستی جەختیشی كردۆتەوە كە جێبه‌جێكردنی نرخه‌كان، ناچارییه‌ بۆ هه‌مو ده‌رمانخانه‌ و كۆگا و كۆمپانیایه‌ك و هه‌ر یه‌كه‌یان جێبه‌جێی نه‌كات لێپرسنه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ناچار به‌ جێجێ به‌جێكردنی دەكرێت سه‌ڕه‌ڕای سزادانیان.
 
لەكۆتاییشدا وتویەتی”ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ جگه‌له‌وه‌ی به‌شێكی گرنگه‌ له‌پڕۆگرامی چاودێری و كۆنتڕۆڵی ده‌رمان، به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و باری دارایی له‌به‌رچاوگیراوه‌”.