وەك بەشێك لەخاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل و نوسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوزەوی دەڵێن بەهۆی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە بازاڕی ئۆتۆمبێل و خانوو شوقە تەواو كز بوە، هەرچەندە نرخەكانیشیان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیون.
رۆژی 25ی ئەیلول ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو كە كاردانەوەی حكومەتی عێراقی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت توركیا و ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا. بۆ ئەو مەبەستەش عێراق بەهاوكاری ئەو دو دراوسێیەی چەند رێوشوێنێكی گرتەبەر بۆ گەمارۆدانی ئاسمان و خاكی هەرێم.
رەنج، شۆفێرێکی تەکسییە کە لەدوای ریفراندۆم ئۆتۆمبێلە تاكسییەكەی لەجۆری توێتا بیكاشۆ بوە فرۆشتوە، بە وتەی خۆی بەهۆی سستی بازاڕەوە ماوەی مانگێكی پێچوە بۆ فرۆشتنی، ئەو وتی “زیاتر لەماوەی مانگێک نیازی فرۆشتنیم هەبو، هەمو ئێوارەیەک ئەمبرد بۆ پێشانگاکان بۆ ئەوەی بیفرۆشم، بەڵام کەس لێی نەدەپرسی، بەشێوەیەکی بەرچاو بازاڕی ئۆتۆمبێل ســــست و لاواز بوە، کڕیارەکان زۆر کەم بون، لەماوەی ئەم مانگەدا تەنها ٥ کڕیار پرسیاریان کرد، لەکۆتایدا بە ١٢٠٠ دۆلار کەمتر لەنرخی خۆی و بەزەرەر فرۆشتم، ئەمە لەوەی جگە لەپێشانگاکان لەچەندین پەیجو وێبسایتی تایبەت بەکڕین و فرۆشتن ڕیکلامی ئۆتۆمبێلەکەم داناوە، بەڵام کەس پرسیاری نەدەکرد “
وتیشی “ڕیفراندۆم وای لەم باروودۆخە کردووە کە هیچ کەسێک نەوێرێ لەکڕینی ئۆتۆمبێل نزیک بێتەوە، پێش ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت ٢ کڕیار هاتن بیکڕن، بەڵام من ڕازی نەبوم بەئومێدی ئەوەی دوای ڕیفراندۆم، بارودۆخەکە باشتر بێتەوەو هەمان نرخی خۆی بکاتەوە، بەڵام بە داخەوە وا نەبوو”.
ئازاد محەمەد، کە گەنجێکە کاری کڕیــنو فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات، وتی “من دەڵاڵی ناو پێشانگاکانی شاری سلێمانیم، زیاتر لە ٥ ساڵە ئەمە کاری منە، ئێستا نرخی ئۆتۆمبێل وەک زۆر شتی ئەم هەرێمە دابەزییوەو لە ٣٠-٤٠٪ نرخی ئۆتۆمبێل دابەزییوە، کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە نوێیەکان لەئێستادا زۆر زۆر کارێکی قورسو زەحمەتە، ئەو کڕین و فرۆشتنەی لەئێستادا هەبێت زیاتر ئەو ئۆتۆمبێلانەن کە دەستی دوو یا زیاترن و تەمەنێکیان هەیە، هۆکاری ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نرخیان هەرزانترە بەراورد بەئۆتۆمبێلە نوێیەکان، چونکە خەڵکی دوای ڕیفراندۆم نازانێت جارێ چی بەسەردێت”.
وتیشی “خۆم پێش ڕیفراندۆم ئۆتۆمبێلێکم کڕیوە بەمەبەستی قازانج، بەڵام دوای ڕیفراندۆم کڕیاری نییەو بازاڕ بەتەواوی وەستاوە، ئەوەشی لەم کاتەدا ئۆتۆمبێل بفرۆشێت ڕەنگە تەنها لەناچارییدا بێت چونکە کەس شتی خۆی تاڵان فرۆش ناکات “.
ئاماژەشی بەوە کرد ڕۆژ بەڕۆژ نرخی ئوتومبێل ڕو لەدابەزین دەکات ئەگەر پێشتر ئۆتۆمبێلێک نرخی ٢ دەفتەر دۆلار بوایە ئێستا دەفتەرو نیوێکو کەمتریش ئەکات.
باسم رەزا، کە لەپێشانگایەکی ئۆتۆمبێل کاری کڕین فرۆشتن دەکات، وتی ”بازاڕی کرین و فرۆشتن ئۆتۆمبێل زۆر زۆر خراپە، پێش ڕیفراندۆم باشتر بو بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیانی عەرەب لەخوارو ناوەڕاستی عێراقەوە ئەهاتن ئۆتۆمبێلێیان ئەکڕی چونکە نرخی هەرزانترە لەبەر کێشەو قەیرانە داراییەکانی هەرێمی کورستان، بەنمونە لە ١٠ ئۆتۆمبێلدا ٨ دانەیان عەرەب دەیانکڕیو دەیان بردەوە بۆ باشورو ناوەڕاستی عێراق، لەپاش ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام درا ئیتر ئەو کڕیارە عەرەبانە ڕوناکەنەوە ئێرە، چونکە لە دوای ڕیفراندۆم دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی کوردستان وەک هەولێرو سلێمانی و دهۆک داخڵ نابێت و قەدەغەیە هاتوچۆ بکات لەناو پارێزگاکانی عێراقدا، ئەمە هۆکارێکی ئەوە بو کە کڕیارە عەرەبەکان چیتر ئەو ئۆتۆمبێلانە نەکڕن تابلۆی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان پێوەیە”.
وتیشی “خەڵک ئێستا دەیەوێت پارەی پێبێت نەوەک ئۆتۆمبێل، ئەم بارودۆخە هەر وا بەردەوام دەبێت تاکو نەکەوێت بەلایەکدا”.
ئەم بێ بازاڕییە تەنها ئۆتۆمبێلی نەگرتۆتەوە، بەڵکو کاریشی کردۆتە سەر بازاڕی شوقەو خانوو بەرە، نەجمەدین محەمەد خاوەن نوسینگەی شنە لەشاری سلێمانی کە کاری کڕینو فرۆشتنی شوقەو خانو دەکات بەنیگەرانیەوە بەئاوێنەی ڕاگەیاند لەو ساتەوەختەی کە باسو بانگەشەی ڕیفراندۆم ئەکرێ تەواو بازاڕی خانوبەرە وەستاوە، بەگشتی بازاڕ لاوازو ســستە، بەتایبەت دوای ڕیفراندۆم بازاڕەکە تەواو وەستاوە، ئەو وتی “لە ئێستادا هەموو کۆڵانێک زیاتر لە ٢ خانووی تێدایە کە بەلافیتە لەبەردەم دەرگاکەی نوسیویەتی بۆ فرۆشتن، خەڵک زیاتر دەیفرۆشێت وەک لەوەی بیکڕێت” .
هەروەها وتیشی”ئەگەر کڕین و فرۆشتنێکیش هەبێت ئەوا تەنها لەخانودایە و شوقە هیچ جموجوڵێکی تێدا نییە، نرخی خانوو شوقە ڕۆژ بەڕۆژ لەدابەزیندان، ڕیفراندۆم ترسی کردۆتە دڵی زۆربەی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە بۆیە هیچ کەسێک ئومێدی بەرەو باشبون نییە ئەمەش وای کردوە ئەم بێبازاڕییە دروست بێت”.
ڕێبوار عومەر خاوەن خانویەکی ٢ نهۆمییە لەگەڕەکێکی ناو شاری سلێمانی، ئەو ئاماژە بەوە دەکات ماوەی 6 مانگ ئەبێت دەیەوێت خانوەکەی بفرۆشێت بەڵام کڕیاری دەست ناکەوێت، رێبوار وتی “ماوەی ٦ مانگ ئەبێ خانوەکەم لە ٧ نوسینگەدا داناوەو سەرەڕای ئەوەش لافیتەم کردوە بەدیواری ماڵەکەمەوە بەڵام هیچ کڕیارێک لەخانوەکەم ناپرسێت ”.