لە بەرامبەر بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق بۆ مانگی حەوتی ئەمساڵ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 10.39 ملیۆن دۆلاری وەك شایستە دارایییەكان بە كۆمپانیای جەنەل ئینێرجی دا.
كۆمپانیای جەنەل ئینێرجی بڵاوی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان شایستە دارایییەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق بۆ خەرج كردوون و بەشی كۆتای كۆمپانیای جەنەل ئینێرجی لەو پارەیە 5.71 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییە و ڕۆژانەیش بڕی 14 هەزار و 873 بەرمیل نەوت لەو كێڵگەیە بەرهەم هێنراوە و هەناردە كراوە، جیا لەوەی بە تانكەر بۆ پاڵاوگەی بازیان نێراون.
پێدانی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بەو كۆمپانیایە، لە كاتێكدا هەر ئەمڕۆ بڕی 39 ملیۆن دۆلاری تر بە كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی درا، لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوتی خام لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ.
جەنەل ئینێرجی كۆمپانیایەكی سەربەخۆی وزەیە و تۆماری سەرەكی لە بۆرسەی لەندەنە و جیا لەو شارە لە ئەنكەرە و هەولێریش لقی هەیە، یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی وزە لە بۆرسەی لەندەن، خاوەنی گەورەترین یەدەگی سامانە سروشتییەكانە لە كوردستان، كێڵگەی گازی میران و بنەباویش لەلایەن ئەو كۆمپانیاوە كاری لەسەر دەكرێ و بەرهەمهێنەری سەرەكی گازی سروشتی كوردستانە.