بازرگانانی ئێران بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخی سیاسی و هەڵویستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و بە شێوازی جیاواز هەوڵ دەدەن گوشار بخەنە سەر حکوومەتی ئێران، بڕیارێک نەدات جگە لە زیانگەیاندن بە کەرتی بازرگانی و ئابووری ئێران هیچ دەستکەوتێکی بۆ وڵات نەبێت. ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە ئێران لە بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستان زیان بە خۆی دەگەینێت و ناتوانێت هیچ کاریگەرییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست بکات.
دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر قەبارەی بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە، بازرگانانی ئێران داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەکەن رێگەچارەیەک بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.
ژمارەی ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون دەگاتە ٤٧٠ کۆمپانیا. بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، بەرپرسانی ئێرانی و کوردستان رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە کردنەوەی نووسینگەی ئابووری لە تاران و هەولێر واژوو کرد بەڵام ئێستە بازرگانانی ئێرانی لەوە نیگەرانن ئەو دەرفەتەیان لە کیس بچێت.
هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەبرد، هەنگاوێک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دژایەتی دەکرا و ئەو وڵاتە هەموو هەوڵێکی خۆی بەگەڕ خست بۆ ئەوەی رێگری لە بەڕێوەچوونی بکات بەڵام دواجار ریفراندۆمەکە کرا و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا. بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەو ریفراندۆمە نزیکەی ٩٣%ی بەشداربووان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا و تەنیا ٧% دەنگیان بە نەخێر دا.
بە پێی ئامارەکانی ئێران یەک لە سەر سێی ئەو شتومەکانەی ئێران هەناردەی عێراقی دەکات، لە هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێنەوە و عێراق بە گرنگترین وڵاتی دراوسێی ئێران بۆ پرسی هەناردەی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت.
سەرۆکی نووسینگەی هاوبەشی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق بەر لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی گوتبووی بەهای ئەو شتومەکانەی ئێران مانگانە هەناردەی هەرێمی کوردستانی دەکات ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە. سەرچاوەکانی ئێران ئاشکرای دەکەن جگە لەو ٤٧٠ کۆمپانیا ئێرانییەی لە هەرێمی کوردستان ناوەکانیان تۆمار کراوە، ٤٧٠ کۆمپانیای تر بەشێوەی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار کردووە و هەر ئەوەش وای کردووە دەروازە بازرگانییەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان بۆ هەناردەی ئێران لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەکان بن.
بە گوێرەی رادیۆ “زەمانێ” حەمید حوسێنی سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق لە کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کردبوو هەر بڕیارێک دژی هەرێمی کوردستان دەریدەکات، پەلەی تێدا نەکات و سەرجەم رەهەندەکانی هەڵبسەنگێنێت و زیان بە کەرتی بازرگانی ئێران نەگەیەنێت.
مەبەستی ئەو بەرپرسە ئەوە بوو ئێران لەوە سارد بکاتەوە بڕیاری توند دژی هەرێمی کوردستان بدات چونکە دواجار بازرگانانی ئێران تیایدا زیانەمەند دەبوون . ئەو گوتبووی نابێت ئێران پەلە بکات و هەنگاوی زیاتر لەو هەنگاوە بنێت کە عێراق هاویشتوویەتی. تاوەکوو عێراق تەنیا یەک سزای دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە لە لەویشدا تووشی کێشە بووە ئەویش بریتییە لە رێگەنەدان بە فڕینی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانەی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو دەرەوەی وڵات.
سەرەتای هەفتەی رابردوو ئێران بڕیاری ئەوەی دا فرۆشتن و کڕینی هەر جۆرە سووتەمەنییەک بە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە و ئەوەش هۆکار بووە لەوەی سەدان بارهەڵگر کە ویستوویانە بەنزین و سووتەمەنی بگوازنەوە چاوەڕوانی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە بکەن.ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە ئەو بڕیارەی ئێران کاریگەریی گەورەی لەسەر نرخی بەنزین دروست نەکردووە و بەرێژەیەکی کەم بەرزبووەتەوە و چاوەڕوانی ئێران لەو بڕیارە ئەوە بوو تەنگژەی سووتەمەنی بێنێتە کایەوە بەڵام تیایدا سەرکەوتوو نەبوو و خۆی لە قازانجەکانی کڕینی نەوتیش بێبەش کرد، کە دەکرێ بە پاڵاوگەکان بدرێت یان هەر لە هێڵی نەوتی کوردستان جەیهانەوە هەناردە بکرێت.
محەمەد لاهوتی سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی هەناردەی ئێران گوتوویەتی درێژەی ئەم بڕیارە بە زیانی ئێرانە و ئاستی هەناردەی ئێران کەم دەکاتەوە و ئەمەش هەواڵێکی خۆش نییە بۆ کەرتی ئابووری وبازرگانی ئێران.
بەرپرسانی بازرگانی ئێرانی داوایان لە حکوومەت کردووە قەرەبووی ئەو زیانانەیان بۆ بکاتەوە کە بەهۆی بڕیارەکان بەوان گەیشتوە .
بە پێی دوایین ئاماری ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەهای سێ ملیار و ٢٧٧ ملیۆن دۆلار شتومەک بۆ هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە و مانگانە قەبارەی ئەو بازرگانییە دەگاتە ٥٤٦ ملیۆن دۆلار.