قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەیەكی كوردستان زیادی كردووە




کۆمپانیای “گەنەڵ ئینێرجی” رای گەیاند، لە مانگی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق زیادی كردووە، ئەوەش دوا بەدوای ئەوەی كە لە چەند مانگی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە بڕی نەوت لەو كێڵگە نەوتییانە بە ڕێژەیەكی زۆر دابەزیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی یەكەم، كۆمپانیای “گەنەڵ ئینێرجی”، بەیاننامەیەكی لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، لە مانگی ئەیلوولدا بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق  زیادی كردووە و گەیشتووەتە 19 هەزار و 398 بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

بە پێی بەیاننامەكەی ئەو كۆمپانییە نەوتییە، ئەو ڕێژەی لە مانگی ئەیلوول لەو كێڵگانە دەستیان كەوتووە بە بەراوورد بە مانگی ئاب، زۆر زیادی كردووە كە بڕەكەی 14 هەزار و 375 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.

كۆمپانیای “گەنەڵ ئینێرجی”، یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، پێشتر وا بڵاو كرابووەوە كە ئەو كۆمپانیایە رێككەوتنێكی پێنج ساڵییان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە.

هاوكات چەند مانگێك لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە ڕێژەی نەوت لە كێلگەكانی نەوتی تەقتەق و شیواشۆك بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.