سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ”لە بەرژەوەندی کەسدا نییە پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ببڕێت و رێگە بگرێ لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان”.
ئەو وتانەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە دەستپێکی کۆنفرانسی هەفتەی وزەی رووسیا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 4-10-2017 لە مۆسکۆ دەستی بە کارەکانی کرد.
ڤلادیمیر پووتین راشیگەیاند “هەموو سزایەکی ئابووری بۆ کوردستان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کەسیش ئەو هەنگاوە ناگرێتەبەر”.
“لە بابەتی گشتپرسیی هەرێمی کوردستاندا بێلایەن دەبین”
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان روونکردەوە و رایگەیاند مۆسکۆ دەست وەر ناداتە کاروباری ناوخۆیی عێراق و لەو بابەتەدا بێلایەن دبێت.
پووتین هەروەها رایگەیاند مۆسکۆ پەیوەندیی باشی لەگەڵ کوردەکاندا هەبووە و بۆ بابەتی گشتپرسیش ئەوا مۆسکۆ لەو باوەڕەدایە کە نابێت بارودۆخەکە گرژ بکرێت و دەستێوەرنەدانی رووسیاش هەر لە پێناو ئەوەدایە کە نەبێتە هۆی وروژاندنی زیاتری جیاوازییەکان.
پووتین ئەوەشی وت کە ئەوان دەزانن بابەتی کوردستانی عێراق بۆ وڵاتانی ناوچەکە چەندە هەستیارە و هەر بۆیەش دەستێوەردان ناکەن و نایانەوێت بارودۆخەکە گرژتر بێت.
پووتین بەرگریی لە رێکوراستیی هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد و وتی: “رووسیا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچکات دووڕوو نەبووە و هەربۆیەش جێگەی متمانەیە”.