پرسه‌نامه‌

به‌ڕێزان خێزان‌و هاوڕیانیی سه‌رۆك مام جه‌لال
ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ به‌داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی‌ زۆره‌وه‌ هه‌واڵی‌ كۆچیدوایی‌ سه‌رۆم مام جه‌لالمان پێگه‌یشت. 

بۆ ئه‌و خه‌مه‌ قورسه‌ له‌ناخه‌وه‌ به‌شداریی‌ خه‌متان ده‌كه‌ین‌و هاوخه‌می‌ قوڵی‌ خۆمانتان ئاڕاسته‌ی‌ یه‌ك به‌یه‌كی‌ ئێوه‌ی‌ به‌ڕێز‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و هه‌موو گه‌لی‌ كوردستان ده‌كه‌ین.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، كۆچی‌ دوایی‌ به‌ڕێز مام جه‌لال به‌زیانێكی‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت بۆ كوردستان‌و هه‌موو گه‌لی‌ كورد‌و ناوچه‌كه‌و جیهان، كه‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌ بوێر‌و جوامێره‌ ژیانی‌ پڕاوپڕه‌ له‌هه‌ڵوێست‌و ئازایه‌تی‌‌و ره‌مزی‌ قۆناغێكی‌ خه‌باتی‌ رزگاریخوازیی‌ كوردستانه‌.

له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان ئه‌م سه‌ركرده‌ به‌ڕێزه‌ پایه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌‌و سه‌ره‌كی‌ راگرتنی‌ ئاشتی‌ ناو ماڵی‌ كورد بووه‌، كه‌ به‌وپه‌ڕی‌ دڵسۆزی‌‌و له‌خۆبردوویی‌‌و كارامه‌ییه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ ماڵی‌ كوردی‌ له‌چه‌ندین قه‌یرانی‌ گه‌وره‌‌و گران ده‌رباز بكات.

له‌ئاستی‌ عێراقیشدا، سه‌رۆك مام جه‌لال توانیویه‌تی‌ به‌وپه‌ڕی‌ لێپرسراوێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكاو له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كاندا كه‌ناڵ‌‌و گفتوگۆی‌ هه‌بێت‌و قورساییه‌كیش ببه‌خشێت به‌كورد له‌به‌غدا، هه‌ر به‌هۆی‌ دووربینی‌‌و حیكمه‌تی‌ به‌ڕێزییه‌وه‌، هه‌مووان ناچار بوون كه‌ رێزی‌ بگرن‌و مام جه‌لال به‌”كلیلی‌ چاره‌سه‌ر”  ناوده‌برا له‌عێراقدا.

له‌ئاستی‌ ناوچه‌كه‌شدا، ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ی‌ كه‌ له‌دیدی‌ دۆست‌و دوژمنه‌كانیه‌وه‌، سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ كارا‌و واقیعبین‌و خاوه‌ن به‌هره‌ بوو، هه‌میشه‌ كاری‌ بۆ چه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و ئاشتی‌‌و ئازادی‌ كردووه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، به‌ڕێزی‌ له‌هه‌وڵ‌‌و كۆششی‌ به‌رده‌وامدا بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسییانه‌‌و به‌دوور له‌توندونیژی‌ به‌چاره‌سه‌ر بگات، گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ بگه‌ن به‌ئازادی‌‌و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌‌و وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ش به‌ئاشتی‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ن.

سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ ناسراوو دیبلۆماتكارێكی‌ ناودار بووه‌، كه‌ تۆڕێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ چڕ‌و پڕی‌ سیاسی‌‌و دیبلۆماسییی‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌‌و ناوی‌ دره‌وشاوه‌ی‌ دنیای‌ سیاسه‌ت‌و فكرو رۆژنامه‌نییدا دروستكردووه‌و ژیرانه‌ له‌پێناو دۆزی‌ ره‌وای‌ كورد‌و سه‌قامگیریی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسیدا له‌عێراق‌و ناوچه‌كه‌شدا به‌كاریهێناوه‌.

وه‌ك ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌، له‌په‌روه‌ردگاری مەزنمان داوایه‌ گیانی کۆچکردو به‌ به‌هه‌شتی بەرین شاد بكات،  سه‌بوریی‌و ئۆقره‌ییش به‌ئێوه‌و كوڕه‌كان و دۆستان و خانه‌واده‌ و بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌رتان‌ ببه‌خشێت، ئه‌وه‌ دوایین ناخۆشی و خه‌متان بێت، هه‌ر سه‌رفراز بن. 

إِنَّا لِلّهِ ۆإِنَّـا إِڵیْهِ رَاجِعونَ 
ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌
2017/10/3