هاتوچۆی گشتی كرا بەقوربانی هاتوچۆی تایبەتی

رۆژانە زیاتر لەنیو ملیۆن هاوڵاتی لەسلێمانی‌و دەوروبەری بەئوتومبێل جێگۆڕكێ‌ دەكەن، ئابوریناسێك دەڵێت “بایەخنەدانی حكومەت بەهاتوچی گشتی لەبەرژەوەندی چەند كۆمپانیایەكدایە كە ئوتومبێلی تایبەتی دەهێنن”.
 
كارزان عەلی كە هاوڵاتییەكی تەمەن 48 ساڵەو پیشەی ئەندازیارە، ئاماژە بەوە دەكات كە هەموو سەرلەبەیانییەك خۆی‌و هاوسەر‌و كچەكەی هەریەكەو بەجیا سواری ئوتومبێلێك دەبن‌و دەڕۆنە سەر دەوام‌و ئیش‌و كاریان، خۆی‌و هاوسەرەكەی كە مامۆستایە، هەر یەكە بەئوتومبێلی تایبەتی خۆیان پێیە، كچەكەشیان لەگەڵا چەند هاوڕێیەكیدا بەتەكسی دەچێت بۆ زانكۆ. ئەو دەمەو بەیانییەك لەگەڵا هاتنەدەرەوەیدا تا گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە هەست بەبێزارییەكی زۆر دەكات، چونكە شار بەجارێك قەرەباڵغ‌و جەنجاڵا بووە‌و هەستكردن بەخۆشی ژیانی تیا نەماوە، ئەو وتی “سەرباری ئەوەی كرێی هاتوچۆ بەشێك لەخەرجی هەموو خێزانێك پێكدەهێنێت، پڕ بوونی شەقامەكان لەئوتومبێل شاری بەتەواوی خنكاندووە”.
كارزان نمونەیەكە لەهەزاران هاوڵاتی شاری سلێمانی كە رۆژانە هەست بەبێزارییەكی زۆر دەكەن كاتێك بەزەحمەت بەزۆربەی شەقامەكاندا تێدەپەڕن بەهۆی قەرەباڵغیانەوە‌و بەشێك لەكاتی رۆژانەیان دەبات، وێڕای ئەوەی شەقام‌و رێگەو بانەكان زۆربەی هەرە زۆریان لەحەفتاكان‌و هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە وەك خۆیان ماون‌و دەستكاری نەكراون، هەزاران هەزار ئوتومبێل لەم هەشت ساڵەی دواییدا رژاونەتە ناو شارەوەو رۆژانەش هێنانی ئوتومبێل بەردەوامە، كە زۆربەیان ئوتومبێلی تایبەتین‌و بەهیچ جۆرێك ئاوڕ لەهاتوچۆی گشتی نەدراوەتەوە.
لێپرسراوی سەندیكای شۆفێران لەسلێمانی “جەلال ” ئاماژە بەوە دەكات بە بەراورد بەژمارەی ئەوانەی ئوتومبێلی تایبەتیان پێیە، شۆفێرەكانی هێڵی گشتی ژمارەیان ئێجگار كەمە، ئەو بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە لەناوشاردا بەهەموو هێڵەكانیەوە 1837 پاسمان هەیەو لەدەرەوەی شاریش 462 پاس، كە بە بەراورد بەو ژمارە ئوتومبێلە تایبەتییە زۆرەی هەیە، لەحوكمی نەبوودایە، ئەو وتی “لەكوردستاندا كەرتی هاتوچۆی گشتی كرا بەقوربانی هاتوچۆی تایبەتی”.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئامارێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچی هەرێمەوە بڵاوكرایەوە زیاتر لە300 هەزار ئوتومبێل لەشاری سلێمانیدا هەیە، هەروەها بەپێی زانیارییەكانی گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی بەنزینخانەی رزگاری بەنمونە كە لە8ی بەیانییەوە تا 4ی ئێوارە 1800 بەرمیل بەنزین دەفرۆشێت، كە یەكەم سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەیە.
كەم كەس هەیە رۆژانە بۆ رۆشتن بۆ سەر كارەكەی یان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ئوتومبێل بەكار نەیەنێت، زۆرێكیش لەئابوریناسان‌و هاولاتیان پێیانوایە كە لەم روەوە حكومەت‌و دەسەڵات هانی هاتوچۆی تایبەتی داوە لەسەر حسابی هاتوچۆی گشتی.
ئابوریناس‌و مامۆستای یاریدەدەر لەبەشی ئابوری زانكۆی سلێمانی “جەمیل عەلی عەبدولكەریم” پێیوایە پێویستە كەرتی تایبەتی لەهەموو بوارێكدا چالاك بێ‌‌و گەشە بكات، بەڵام هەر دەبێت دەرەتانێك بمێنێتەوە بۆ كەرتی گشتی، چونكە زۆربەی خەڵكی توانای دابینكردنی خەرجی كرێكانی كەرتی تایبەتیان نییە، ئەو وتی “بۆ نمونە من مامۆستایەكم رۆژانە هاتوچۆی دەرەوەی شار دەكەم، ئەگەر بەكەرتی تایبەتی بڕۆم دەبێت پارەو كرێیەكی زۆرتر بدەم، چونكە كەرتی تایبەت لەسەر خواست‌و خستنەڕووە، بەڵام ئەگەر كەرتی گشتی چەند ئوتمبێلێك دابین بكات بەنرخێكی كەمتر یان بەخزمەتگوزاری باشتر من دەتوانم كەرتە گشتییەكە بەكاربهێنم”.
بەبۆچوونی ئەو یەكێك لەهۆكارەكانی نەمانی كەرتی هاتوچۆی گشتی خراپی سیستەمی ئەندازەیی هاتوچۆی ناو شار‌و نێوان شار‌و شارۆچكەكانە كە بوار نادات بەئوتومبێلە گەورەكانی هاتوچۆی گشتی، ئەو وتی “بۆ نمونە لەسەرتاسەری ئێراندا كۆمپانیاكانی گواستنەوە پاسە نەفەر هەڵگرە گەورەكان بەكاردەهێنن ئەمەش پێویستی بەشێوازێكی پێشكەوتووی رێگەوبان هەیە، چونكە قەبارەی ئەو ئوتومبێلانە گەورەن، هەروەك چۆن جاران پاسی مەسڵەحە هەبوو لەناو شاری سلێمانی، بەڵام ئەو جۆرە پاسانە نەمان لەبەرئەوەی رێگەوبانەكان بەكەڵكی پاسی لەوجۆرە ناكات، تەنانەت ئێستا كۆستەرەكانیش بەو بچوكییەی خۆیانەوە قەرەباڵغییان گەورەتر كردووە”.
ئەم ئابوریناسە ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە حكومەت بیر لەوە بكاتەوە سەرچاوەكانی داهاتی خۆی زۆرتر بكات كە یەكێكیان هاتوچۆی گشتییە، لەهەمانكاتیشدا سوود بەخەڵكانی كەمدەرامەت‌و دەرامەت سنووردار دەگەیەنێت، بەبڕوای ئەو لەهەر شوێنێكدا كەرتی گشتی لاواز بوو، كەرتی تایبەتی جێگەی دەگرێتەوە، ئەو كۆمپانیانەی كەرتی تایبەتی كە ئوتومبێلی تایبەتی دەهێنن‌و ئوتومبێلی تایبەتی دەفرۆشن ئەم دۆخەیان قواشتووەتەوە، ئەو وتی “چونكە خواست لەسەر گواستنەوە خواستێكی زۆرەو هەر دەبێ‌ بەكاریبهێنین، ئوتومبێلی تایبەتی بێت یاخود گواستنەوەی گشتی، لەهەموو دنیاشدا ئامڕازەكانی گواستنەوەی گشتی بەدیاریكراوی بۆ خزمەتكردنی ئەو خەڵكە كار دەكا كە داهاتیان سنووردارە”.
وتیشی “كەرتی هاتوچۆ یەكێكە لەو كەرتانەی بەردەوام خواستی زیاد دەكات‌و چالاكییەكی فراوانی ئابورییە لەهەموو وڵاتێكدا بەتایبەتی لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە، خواست لەسەر گواستنەوە خواستێكی بەهێزو بەردەوامە”.
ناوبراو جەغت لەوەش دەكاتەوە كە لاواز بوونی كەرتی گشتی بوارێكی فراوانی رەخساندووە بۆ كەرتی تایبەت، بەڵام بەشێوازێكی نادادپەروەرانە، ئەو وتی “ئێستا خواست لەسەر ئوتومبێلی تایبەتی بۆ هاتوچۆ رۆژانە بەهێز دەبێت، بەیانیان ئەگەر سەیری بكەیت زۆربەی ئوتومبێلەكان تەنها یەك كەسیان تیایە، ئەمە لەخزمەتی ژمارەیەك هاوردەكارانی ئوتومبێلدایە، زۆربەی ئەوانەی باجی ئەم كەموكورتییەی حكومەتیش دەدەن ئەو خەڵكەن كە داهاتیان سنووردارە”.
ئەو باسی لەوە كرد كە وایدابنێ‌ پاسێك هەبێت مامۆستاكانی زانكۆی سلێمانی بگواستێتەوە، ئەوكاتە بزانە چەند ئوتومبێلی تایبەتی لەسەر شەقامەكان كەمتر دەبنەوە‌و چەند شار جوانترو ئاسوودەترو تەندروستر دەبێت، جەمیل عەلی وتی “من بۆ خولێك لەویلایەتی نیومەكسیوكۆی ئەمەریكا بووم، كارمەند‌و مامۆستای زانكۆو خوێندكاری زانكۆكە پێناسەیان بۆ كرابوو هەر كە لەناو شاردا ئەم پێناسەیان پیشانی جابیی پاسەكان دەدا پارەی لێوەرنەدەگرتن، ئەمە هاندەرێك بوو بۆ ئەوەی ئەوان ئوتومبێلی تایبەتی بەكارنەهێنن‌و ژینگەو ژیانیان لێتاڵا نەبێت”.
شاری سلێمانی وەك رێگەو بانەكەی نەگونجاوە بۆ جێبوونەوەی ئەم رێژە ئوتومبێلە زۆرە، لەهەمانكاتیشدا بیر لەدروستكردنی میترۆو تۆڕێك پاسی رێكوپێك‌و ترام‌و شەمەندەفەر نەكراوەتەوە، مامۆستا جەمیل وتی “ئەگەر بمانەوێ‌ گواستنەوەی گشتی دروستبكەین لەسایەی ئەم رێگە تەسك‌و بچوكەی هەمانە زەحمەتە، من كە سواری پاسەكان دەبم تووشی ئازاری دەرونی دەبم، جگە لەوەی بەشێكی زۆری كۆستەرەكان لەڕووی عومرەوە پەككەوتوون‌و بەسەرچوون، زۆرجار یان كاتێكی زۆریان دەوێت تا قەپات دەبن، كە لەوانەیە ئەو شوێنەی بۆیدەچین بەپێنج دەقە بگەیت”.