وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ماوەی وەرگرتی باج لەسەر بەرهەمی شووتیی هاوردە بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ دەكاتەوە و بڕیارەكەش لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە بە ژمارە 5910 لە 2/10/2017 دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرك كراوە و ڕایگەیاندووە “لەبەر ئەوەی ئێستا بەرهەمی شووتی بە بڕێكی زۆر لە ناوچەی پێنجوێن هەیە و لەسەر بنەمای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بڕیار درا ماوەی فەرمیی باجی گومركی لەسەر بەرهەمی شوتی هاوردەكراو درێژ بكرێتەوە تا 15/10/2017”.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان: “بڕیارەكە لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و تا 15/10/2017 هەر بەرهەمێكی شووتی لە هەر وڵاتێكی بیانییەوە بێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە بڕی باجی پێویستی لێ وەردەگیرێت”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە “بڕیارەكە دوای ئەوە هاتووە كە جووتیارانی دەشتی شارەزوور و پێنجوێن داوایان لە وەزیری كشتوكاڵ كردووە ڕێگە لە هاوردەكردنی شووتی بگرێت بۆ ئەوەی زیان نەكەن و بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكاندا ساغ بكرێتەوە”.