عه‌مان: سزاكانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان كاريگه‌رى نه‌رێنيان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئابوورى ئه‌رده‌ن

رۆژنامه‌ى غه‌دى ئه‌رده‌نى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ هۆى سزاكانى عێراق له‌ سه‌ر كوردستان، وڵاته‌كه‌ى رووبه‌ڕووى زيانى زۆر ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و رێككارانه‌ى عێراق كاريگه‌رى نه‌رێنيان له‌سه‌ر ئابوورى ئه‌رده‌ن درووستكردووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ نووسيويه‌تى: كه‌رتى بازرگانى و پيشه‌سازى و كه‌رته‌كانى ديكه‌ى ئه‌رده‌ن هێشتا خۆشى داڕووخانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى داعشيان له‌ عێراق و سووريا نه‌چه‌شتبوو، ئازارى قه‌يرانى كوردستان رووى تێكردن.

به‌ گوێره‌ى رۆژنامه‌كه‌ هه‌ريه‌ك له‌ كه‌رته‌كانى بازرگانى، پيشه‌سازى، ته‌ندرووستى، وه‌به‌رهێنه‌رانى بوارى گواستنه‌وه‌، به‌ تايبه‌تى كه‌رتى فڕۆكه‌وانى ترس و نيگه‌رانييان هه‌يه‌ له‌ كاريگه‌رييه‌كانى ئه‌و قه‌يرانه‌ى رووى له‌ كوردستان كردووه‌، به‌ هۆى ئه‌و سزايانه‌ى عێراق سه‌پاندوونى. چونكه‌ ئه‌وان دڵنيان، ره‌وشه‌كه‌ كاريگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ريان درووست ده‌كات و له‌ ئێستادا ره‌شبينن له‌ هه‌مبه‌ر ئاڵۆزتر بوونى كێشه‌كان.

رۆژنامه‌كه‌ باسى له‌وه‌شكردووه‌، كۆمپانياى شاهانه‌ى ئه‌رده‌نى بۆ فڕۆكه‌وانى له‌ هه‌فته‌يه‌كدا 13 گه‌شتى بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى ئه‌رده‌ن، ئه‌لعين نائل كباريتى رايگه‌ياندووه‌، رێوشوێنه‌كانى حكومه‌تى عێراق له‌ هه‌مبه‌ر هه‌رێمى كوردستان كاريگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر ئه‌و پيشه‌سازييانه‌ درووستده‌كات كه‌ هه‌نارده‌ى هه‌رێم ده‌كرێن.

هه‌روه‌ها وتويه‌تى: هه‌نارده‌كان بۆ هه‌رێمى كوردى پێش ئه‌م رێككارانه‌ له‌ رێگه‌ى ده‌روازه‌ى سه‌فوانى سنوورى وشكانى كوه‌يته‌وه‌ بوو، يان له‌ رێى باركردنى كه‌لوپه‌له‌كان له‌ به‌نده‌رى عه‌قه‌به‌وه‌ بوو بۆ به‌نده‌ره‌كانى توركيا و له‌وێوه‌ بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كران.

هه‌روه‌ها به‌ڕێوبه‌رى راگه‌ياندن و په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمپانياى هێڵى ئاسمانى شاهانه‌ى ئه‌رده‌ن، باسل گه‌يلانى رايگه‌ياندووه‌، هێڵه‌كه‌يان هه‌فتانه‌ 10 گه‌شتى هه‌بووه‌ بۆ هه‌ولێر و 3 گه‌شتيش بۆ سلێمانى و 15 گه‌شت بۆ به‌غدا و 6 يش بۆ به‌سره‌.

ئه‌وه‌شى گوتووه‌: ژماره‌ى گه‌شته‌كانمان بۆ هه‌ولێر و سلێمانى ئاماژه‌ بوو بۆ چڕى گه‌شته‌كان و به‌ وه‌ستانيان كاريگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌موو ئابوورى ئه‌رده‌ن و سه‌رمايه‌گوزارى كۆمپانياكه‌يان به‌ تايبه‌تى درووستده‌كات.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، هه‌شت وێستگه‌ى ديكه‌يان به‌ هۆى ره‌وشى سياسى و ئه‌منى ناوچه‌كه‌وه‌ وه‌ستاون، له‌وانه‌ گه‌شتى وێستگه‌كانى، موسڵ، ديمه‌شق، حه‌له‌ب، ته‌رابلوس، سه‌نعا و عه‌ده‌ن و ئێستا هه‌ولێر و سلێمانيشى هاتووه‌ته‌ سه‌ر.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌ سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى نه‌خۆشخانه‌ تايبه‌ته‌كانى ئه‌رده‌ن، دكتۆر فه‌وزى حه‌مورى، رايگه‌ياندووه‌، به‌ هۆى بڕياره‌كانى عێراق له‌ دژى كوردستان، كه‌رتى گه‌شتوگوزارى پزيشكى و چاره‌سه‌رى ئه‌رده‌ن زيانى زۆرى به‌ركه‌وتووه‌، به‌ تايبه‌تى به‌ هۆى وه‌ستاندنى گه‌شته‌ ئاسمانييه‌كانى نێوان ئه‌رده‌ن و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌.

حه‌مورى ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه‌، ساڵانه‌ 6 هه‌زار هاووڵاتى هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانييه‌وه‌ گه‌شتيان كردووه‌ بۆ ئه‌رده‌ن به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى.

جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ستاندنى گه‌شته‌ ئاسمانييه‌كان به‌رده‌وام بێت، ئه‌رده‌ن زيانێكى زۆرى به‌رده‌كه‌وێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ ئه‌رده‌ن يه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ى رايگه‌ياندبوو، پابه‌ندى داواكارييه‌كانى عێراق ده‌بێت بۆ راگرتنى گه‌شته‌ ئاسمانييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان.

له‌ دواى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ له‌ 25ى ئه‌يلوول/ سێپتێمبه‌رى 2017، حكومه‌تى عێراق ژماره‌يه‌ك بڕيارى له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركردووه‌، كه‌ له‌ لايه‌ن هه‌ولێره‌وه‌ به‌ سزاى به‌ كۆمه‌ڵى خه‌ڵكى كوردستان وه‌سفده‌كرێن و له‌ ناوياندا داخستنى ئاسمانى هه‌رێمى كوردستانه‌ به‌ رووى هێڵه‌كانى فڕۆكه‌وانى وڵاتانى جيهان بۆ هه‌ولێر و سلێمانى. 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوە: k24