بەرهەمی كونجی ئەمساڵی شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی و دەڤەرەكە، ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو 20% زیادی كردووە و 90% بەرهەمی كونجیش لە كارگە خۆماڵییەكان ئامادە كراوە تا بكرێت بە “تەحین” و بەشێكیشی لێ هەناردەی بازاڕەكانی كوردستان كراوە.
عوبێد عەبدوڵا جووتیارێكی شارەدێی دێرەلووكە و ئەمساڵیش وەك ساڵانی رابردوو بڕێكی باشی كونجی چاندووە، ئەو وتی، چاندنی كونجی لە سنووری شارەدێی دێرەلووك بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی ئێمەیە بازاڕێكی ئەوتۆ نییە بو فرۆشتنی بەرهەمەكانمان، لەبەر ئەوە بەشی زۆری كونجی بەرهەمهاتوو ڕەوانەی كارگەكانی دروستكردنی تەحین دەكەین.
بەوتەی ئەو جووتیارە، ئەمساڵ هەر تەنەكەیەكی كونجی بە 80 هەزار دەفرۆشرێت كە نزیكەی 10 كیلۆ كونجیی تێدایه، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو هەرزانترە، بەشی هەرە زۆری كونجییەكان هەر لە ناوخۆی ئامێدی دەفرۆشینە كارگەكانی تەحین و بەشێكیش بۆ خواردن هەڵدەگیرێن، داوا دەكەین بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان بكرێتەوە تا زیانی زۆرمان پێ نەگات.
عیسمەت ئیبراهیم بەرپرسی كۆگەی كشتوكاڵ لە شارەدێی دێرەلووك رایگەیاند، ساڵی رابردوو سەرووی 85 تۆن كونجی لە چەمەكانی هاریكا ئاغا، هاریكا شێخا، سەروكانی، لاتكا، گوهەرز، مەهید، بەرچێ، بیاڤا و چەمەكانی تری سنووری دێرەلووك بەرهەم هێنراوە كە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی تری كوردستان زۆرە، بەڵام ئەمساڵ بە رێژەی 20% زیادی كردووە و بەرهەمی گونجیش زۆر باشە و لە چاندنی هەر كیلۆیەك كونجی، نزیكەی سێ تەنەكە كونجی بەرهەمی هاتووە.
كونجی دەڤەری ئامێدی بەشی هەرەزۆری دەبرێنە بەناوبانگترین كارگەكانی دروستكردنی تەحین لەسەر ئاستی كوردستان، دەكەونە ئامێدی بە ناوەكانی رووباری ئامێدی، شێرانك و ئاشی پرا عیسا.
مستەفای سەید خاوەنی كارگەی تەحینی ڕووباری ئامێدی، خانەوادەكەی زیاتر لە 200 ساڵە لەسەر هاڕینی كونجی و دروستكردنی تەحین بەردەوامن لەم بارەیەوە راگەیاند، تەحینی كوردستان بە كونجی خۆماڵی تامێكی خۆشی هەیە، ئێستە جووتیارێكی زۆر ڕووی لە چاندنی كونجی كردووە، ئێمە ساڵانە رێژەیەكی زۆری كونجی دەكڕین و دەكەین بە تەحین، بەڵام بۆ ئەوەی تەحینەكەمان ساختە نەبێت، ناچارین هەر لە ئاشەكە دەیفرۆشین و كیلۆی بە 11 هەزار دەفرۆشین، بۆیە ئەوەی لە بازاڕ هەیە و كیلۆی لە خوار پێنج هەزار دینارەوەیە ساختەیە و تەحینی ئەسڵی ئامێدی نییە.
بەگوێرەی ئامارەكان، زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی كونجی لە كوردستان دەكەوێتە شارۆكەی ئامێدی و تەنیا لە گوندی هاریكا ساڵانە بایی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار كونجی بەرهەم دەهێنرێن.