ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا لەگه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانمان بۆ كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن


كۆمپانیا فرۆكه‌وانییه‌كانی ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا رایان گه‌یاند، له‌گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانیان بۆ فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.

كۆمپانیای فرۆكه‌وانیی لۆفتهانزای ئه‌ڵمانی بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ هیچ گه‌شتێكی بۆ فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ناوه‌ستێنێت و له‌ رۆژی شه‌ممه‌ 30-9-2017، گه‌شته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بن.

كۆمپانیای فرۆكه‌وانیی ئۆستیریان وینگسی نه‌مساویش ڕاىگه‌یاندووه‌، كه‌ تا ئێستا هیچ داوایه‌كیان له‌ حكوومه‌تی عێراق بۆ وه‌ستاندنی گه‌شته‌كانیان پێ نه‌گه‌یشتووه‌.

جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هیچ گه‌شتێكیان بۆ هه‌رێمی كوردستان دوا ناخه‌ن، له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌یدا هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى: “چاودێری ڕه‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ین و گه‌شته‌كانیش بۆ فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام ده‌بن”.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە حكومه‌تى عێراق به‌هاوكارى ئێران و توركیا ده‌ستى به‌ده‌ركردنى چه‌ند بڕیارێك وه‌ك سزادانى كوردستان، كردووه‌، له‌وانه‌ش ڕاگرتنى گه‌شته‌كانى فڕۆكه‌وانى بۆ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى نێوده‌وڵه‌تى، كه‌ بڕیاره‌كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ كاتژمێر 6:00 ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێ ده‌كرێت.