”هه‌رێم كارتی گرتنه‌وه‌ی ئاوی دژی به‌غدا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌”

پسپۆڕێك له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی و نیشتمانی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق به‌رده‌وامبوو له‌و هه‌ڕه‌شه‌و كارته‌ فشارانه‌ی دژی هه‌رێم به‌كاریده‌هێنێت، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانێت وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك په‌نا بباته‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان له‌ دوكان و ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، د.پێشڕه‌و حه‌مه‌جان مامۆستای كۆلێژی یاساو رامیاری له‌ زانكۆی سلێمانی و هه‌روه‌ها پسپۆڕ له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی و نیشتمانی راگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی دوو ده‌ریاچه‌یه‌ كه‌ (دوكان و ده‌ربه‌ندیخان)ن و پێكه‌وه‌ ده‌ڕژێنه‌ ناو رووباری دیجله‌، ئاوی دیجله‌ش له‌ بواره‌كانی ئابوری و كشتوكاڵ و ژینگه‌ كاریگه‌ری گرنگی هه‌یه‌ هه‌ر له‌ ناوچه‌كانی موسڵه‌وه‌ بۆ تكریت و سامه‌راو به‌غداو له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌عقوبه‌و واست تا ده‌گاته‌ كۆتایی. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراقیش كێشه‌ی سه‌ره‌كیان كه‌می ئاوه‌، بۆیه‌ من پێموایه‌ له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هاتوو حكومه‌تی عیراق به‌رده‌وامبوو له‌و هه‌ڕه‌شه‌و كارته‌ فشارانه‌ی دژی هه‌رێم به‌كاریده‌هێنێت، هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك په‌نا بباته‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان له‌ دوكان و ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌.

ئه‌و پسپۆڕه‌ وتیشی: له‌ مادده‌ی 110ی ده‌ستووری عیراقدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌و ئاوانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه‌ دێن وه‌كو دیجله‌و فورات كه‌ له‌ توركیاوه‌ دێن، ئه‌وا له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندایه‌ كه‌ سیاسه‌تی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی و دابه‌شكردنی دابڕێژێت. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و ئاوانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ ناوخۆی عیراق به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندایه‌ وه‌كو دوكان و ده‌ربه‌ندیخان، به‌پێی مادده‌ی 114ی ده‌ستووری عیراقی سیاسه‌تی به‌كارهێنان و به‌گه‌ڕخستنیان له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌ربۆیه‌ دواجار ئه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌پێی ده‌ستوور و هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند هه‌یانه‌، ده‌توانێت وه‌كو كارتی فشار له‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ند بیگرێته‌به‌ر.

جێی باسه‌، حكومه‌تی ناوه‌ند ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ مووچه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕیوه‌، له‌ دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمیشه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌وڵدایه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی تریش بگرێته‌به‌ر وه‌كو راگرتنی هێڵه‌ ئاسمانییه‌كان و گفتوگۆ نه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێم وه‌كو كارتێكی فشار دژی هه‌رێم و مه‌رجیشیان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌رمی نواندووه‌و تائێستا هیچ كارتێكی فشاری دژی ناوه‌ند به‌كارنه‌هێناوه‌و داوای گفتوگۆی ئاشتیانه‌ ده‌كات. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كارتی گرتنه‌وه‌ی ئاوی هه‌ردوو به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخانیشی له‌به‌رده‌مدایه‌.

PUKmedia