وەزارەتى بەرگریی عێراق ڕەتیکردەوە کارمەند و هێزی سەربازیی ناردبێت بۆ وەرگرتنى دەروازە سنورییەکانى هەرێم لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ.
لە ڕاگەیەرناوێکدا وەزارەتى بەرگریى ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەى لە هەندێک ماڵپەر و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە و باس لە ناردنى کارمەند و هێزى سەربازیى دەکەن بۆ وەرگرتنى دەروازە سنورییەکانى هەرێم، دوورن لە ڕاستییەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، وەزارەتى بەرگریى پابەندى ئەو بڕیارانەیە کە حکومەتى عێراق لە بەرامبەر هەرێمى کوردستان دەریکردووە بۆ وەرگرتنى دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکانى هەرێم.
لە کاردانەوەى ڕیفراندۆمەکەى هەرێم حکومەتى عێراق بڕیاریدا فڕۆکە خانەکان و دەروازە سنورییەکانى هەرێم بخاتە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندییە، بەڵام حکومەتى هەرێم ئەو بڕیارانەى ڕەتکردەوە و بە نایاسایى و نادەستورى لە قەڵەمى دا.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت و ئێوارەی ئەمرۆش ٢٩ ی ئەیلول بڕیارەکە خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە.
دواتر دەسەڵاتی فڕۆکەوانى عێراق داوای لە سەرجەم هێڵە بیانییەکان کرد گەشتەکانیان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەى هەولێرو سلێمانى ڕاگرن، هاوکات لەدوای ئەو بڕیارەشەوە چەند وڵاتێک ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ هەرێم ڕاگەیاندووە.