”گەشتیاران دەتوانن لە سلێمانییەوە بە فڕۆکە بچنە فڕۆکەخانەکانی عێراق و لەوێوە گەشت بکەن”


فڕۆکەخانەی سلێمانی لەبارەی ڕاگرتنی گەشتەکانەوە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ”گەشتیاران دەتوانن لە سلێمانییەوە بە فڕۆکە بچنە فڕۆکەخانەکانی عێراق و لەوێوە گەشت بکەن”.

 دانا سەعید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، به‌پێی بڕیاره‌که‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٧ له‌ کاتژمێر (٦)ی ئێواره‌ سه‌رجه‌م گه‌شته‌ ده‌ره‌کییه‌کانی هه‌ردوو فڕۆکه‌خانه‌که‌ ده‌وه‌ستێت به‌ڵام گه‌شته‌ ناوخۆییه‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت.

بەگوێرەی ئەم راگەیاندراوەش فڕۆكه‌خانه‌ داناخرێت و گه‌شته‌ ناوخۆییه‌كان به‌رده‌وامه‌و ته‌نها گه‌شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق راده‌گیرێن، به‌مه‌ش فڕۆكه‌خانه‌كان تا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی ناوخۆیی به‌رده‌وام ده‌بن.

ئەوەشی خستۆتەرو “زۆرێک ده‌پرسن چی بکه‌ین و چۆن گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین؟ بۆ ئەوەش، تا چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ که‌ له‌ ئێستادا به‌جدیی کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت و گه‌شبینین به‌ چاره‌سه‌رکردنی، لە گەشتی زۆر پێویستدا گه‌شتیاران ده‌توانن له‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌ فڕۆکه‌ بچنه‌ فڕۆکه‌خانه‌کانی تری عێراق و له‌وێوه‌ گه‌شته‌کانیان بۆ دەرەوە ئه‌نجامبده‌ن”.

ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت.