سلێمانی: تەقینەوەیەك لە كارگەی سلێمانی ستیل روویدا


تەقینەوەیەك لە كورەیەكی ‌كارگەی ‌ئاسنی ناحیەی بازیانی سلێمانی روویدا و چەندین قوربانی لێكەوتەوە.

ئیقبال عەلی وتەبێژی‌ پۆلیسی‌ قەزا و ناحیەكانی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند: بەهۆی پارچەیەك ئاسنەوە كورەی ‌كارگەی‌ (سلێمانی‌ ستیل) تەقیوەتەوە كە تایبەتە بەتواندنەوەی‌ ئاسن و روونیشیكردەوە: لە رووداوەكەدا كرێكارێكی‌ بیانی گیانی‌ لەدەستداوە و چوار كرێكاری تری بیانی برینداربوون .

وتەبێژەكەی پۆلیس ئاماژەی‌ بەوەشكردووە: تەرمی‌ ئەو كرێكارەی گیانی‌ لەدەستداوە رەوانەی‌ پزیشكی‌ دادوەری‌ كراوە و بریندارەكانیش بۆ نەخۆشخانە گوستراونەتەوە, ئەوەشی‌ خستۆتەڕوو: تیمەكانی‌ بەڵگەی‌ تاوان لێكۆڵینەوە لەو پارچە ئاسنە دەكەن كە بۆتە هۆی‌ تەقینەوەی‌ كورەكە.