“لەسەر بودجەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی روپێوێکی ورد بۆ خانوە پلاستییەکان دەکرێت”



ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ماوەی هەشت مانگە بەشی کشتوکاڵی  کردۆتەوە بەئامانجی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری کوردستان، راوێژکاری کشتوکاڵیی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت “لەئێستادا سەرقاڵی سەرژمێری کردن و ڕوپێیکردنی خانووە پلاستیکیەکانین لەسنوری پارێزگا سلێمانی”.

وەسفی خەلیل، راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەبارەی ئەنجامدانی رووپێویەکە رایگەیاند ”ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەیەوێت گرنگی بەو بەرهەمانە بدات کە دەبنە کەرەستەی خاوی پیشەسازی بەمەبەستی هاندانی بازرگانان و سەرمایەداران بۆ ئیشکردن لە بواری پیشەسازی خۆراک و دروستکردنی کارگە لەکوردستاندا و هەوڵدانی بۆ گەیشتن بەخۆبژێوی”.
 
وەسفی خەلیل وتی ”پێش ئەنجامدانی  پرۆژەکە پێوستمان بەداتاو زانیاری وردە  بۆ ئەوەی بزانین بڕی بەرهەمی کشتوکاڵیمان چەندە، ئەو نەخۆشیانە چین کە توشی بەرهەمی جوتیارانی هەریمی کوردستان دەبێت، شارەزایی و تواناکانی جوتیارانی خانوی پلاستیکی لەچ ئاستێکدایە، وەزارەتی کشتوکاڵ تا چەند توانیوێتی شارەزا و ئەندازیاری پسۆڕ دابنێت بۆ رێنمایی کردنی جوتیارانی خانوی پلاستیکی، کاتێک وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەستکەوت، هەوڵ دەدەین کار بکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمی جوتیاران و دۆزینەوەی بازاڕ بۆیان و هاندانی بازرگان بۆ کارکردن لەبواری پیشەسازی خۆراکدا”. 

وتیشی “لەئێستادا تەنها لەشاری سلێمانی ١٠ هەزار خانوی پلاستیکی هەیە کە بۆتە سەرچاوەی داهات بۆ هەزاران خێزان، لەماوەی سێ ساڵی قەیرانی دارایدا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ نەیانتوانیوە هیچ هاوکاریەکیان بکەن و هەوڵ بدەن روپێوی خانوی پلاستیکی بکەن بۆیە ژووری بازرگانی بڕیاریدا هەستێت بە ئەنجامدانی ئەم کارە، لەمرۆوە بەڕیوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی و کۆمەڵەی گەشەپیدانی خانوی پلاستیکی لەسەر بودجەی ژوور روپێویەکی ورد و دروست بۆ خانوە پلاستیەکان دەکەن”.

راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی خستەرو لەئیستادا جوتیاران بەدەست نەبونی بازاڕو نزمی نرخی بەرهەمەکانیان لە عەلوەکان بێزار و گرفتارن، پێوستە حکومەت  ئاوڕی جدی لەم کەرتە بداتەوە کە دەتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بەکاربهێنرێت، ئەگەر بەرنامەیەکی تۆکەمە هەبێت دەتوانرێت بازاڕ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتی بەرهەمی جوتیاران دابین بکرێت. ئەو وتی “وەک بەشی کشتوکاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی روپێوی و سەرژمێری بری بەرهەم هێنانی پەلەوەر و گەنم و ئاشەکانی سلێمانیمان کردەوە هەوڵ ئەدەین داتایی تەواو کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بەکاری بهێنین”.

لای خۆشیەو پشتیوان سدیق ئیسماعیل ئەندازیار لەکۆمپانیای عەرز رایگەیاند ”ئێمە ناوەندێکی توێژینەوەمان  لە ناوچەی ئاڵایی سەر بەناحیەی بازیان دروستکردوە ئەرکی ئەم ناوەندەش ئەوەیە تۆوی بەرهەمی کشتوکاڵی لەدەرەوەی وڵات دەهێنە کوردستان لێرە تاقی دەکەینەوە ئەگەر سەرکوتوو بوو  لیرە دەیفرۆشین بە جوتیارن و رینمای تەواویان دەدەینێ لەسەر چۆنەیەتی چاندن و بەکارهێنانی دەرمانەکانی سەماد و قڕکردنی مێروە زیان بەخشەکان.

پشتیوان سدیق ئاماژەی بەوەش کرد  پێشتر ئەم ناوەندە تەنها لە هەولیر هەبوو، لەسلێمانی نەبو ساڵانە ژمارەیەکی کەم جوتیاران دەچونە هەولێر کە ئەمەش ئاستەنگی بۆ جوتیاران دروستکرد بوو ئێمە توانیمان لەسلێمانیش بکەینەوە.

لەبارەی ئەوەی زۆربەی لەجوتیارانی خانوی پلاستیک خەیار دەچێنن پشتیوان سدیق وتی ”زۆربەی جوتیارانی خانوە پلاستیکیەکان خەیار دەچێن لەبەر ئەوەی لەماوەیەکی کەمدا پێدەگات و دەتوان بیفرۆشن، بەمەش پارە زوو دێتە دەستیان بەڵام ئەگەر بەرهەمێکی تری وەک تەماتە بچێن ئەبێت چەندین مانگ چاوەروانی بن تا پێدەگات و دەیفرۆشن”.

سەبارەت بەکاروچالاکیەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وتی ”من دەستخۆشی لە ژوور دەکەم جێ دەستیان لەپێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵیدا دیارە دواکاریشم زیاتر هاوکاریمان بکەن لەروی هاندانی سەرمایەداران بۆ کردنەوەی کارگەو گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی خۆراک”.

جوتیارانی خانوی پلاستیکیەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێکە قەیران بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتووە بەڵام هیچ هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان ئامادە نیە لەم خانوەنەدا کار بکات”.

مەلا کامیل خاوەنی دونزە خانوی پلاستیکییە رایگەیاند ” لەکۆی ٦ هەزار خانوی پلاستیکی لەبازیاندا تەنها چەند کوردێکی کەم دەبینیت لەم بوارەدا کار بکەن بەڵکو هەمووی ئاورەی عەرەبە، ئەو هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەراندەوە هاوڵاتیانی کوردستان پێیان عەیبە لە بواری کشتوکاڵدا کاربکەن”.