بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە پاش ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمەكەشەوە هاوردەكردنی سووتەمەنی لە دەروازە سنوریەكانەوە بەردەوامە و دەیان تانكەری بەنزینیش گەیشتونەتە وێستگەكانی سووتەمەنی سنوری پارێزگای سلێمانی .
سۆران عەبدول غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند ” لە پاش ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمەكەشەوە بە هەمان شێوەی ڕۆژانی پێشووتر چاودێری كردنی وێستگەكان بەردەوامە و هەوڵدراوە نرخەكان بەجێگیری بمێننەوە و لە ئێستاشدا هیچ گرفتێك نیە كە جێگەی باس بێت”.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وتیشی” لەپاش پرۆسەی ڕیفراندۆمەكەشەوە دەیان تانكەری سوتەمەنی جۆری بەنزین گەیشتتونەتە وێستگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ڕێگەش نادرێت هیچ كەسێك یاری بەنرخی سوتەمەنی بكات”.
لەلایەكی دیكەوە بەرێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانیش ئاشكرای كرد لە ڕێگەی لیژنەكانی پشكنینی كوالێتییەوە چاودێری جۆری سوتەمەنەیە هاوردەكراوەكان دەكرێت.
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت وكانزاكانی سلێمانی وتی ” لە هەر بارودۆخێكدابێت تیمەكانی كۆنترۆڵی جۆری لە دەروازە سنوریەكاندا پشكنینی كواڵێتی جۆری پشكنینی پێویست بۆ سوتەمەنیە هاوردەكراوەكان دەكەن و ڕێگە لە هاوردەكردنی كوالێتی خراپ نادەن بێتە خاكی هەرێمی كوردستانەوە”.
كوردیو