ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنووریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا‌و ئێران بەردەوامە



 ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنووریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا‌و ئێران بەردەوامە‌و دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش پاش داخستنی بۆ ماوەیەكی كاتی كرایەوە.

هاوكات وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت: ”هیچ هۆكارێك لە ئارادا نییە بۆ داخستنی سنورەكانمان لەگەڵ باكوری عیراق”.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و مەترسی داخستنی سنوورەكان بەڕووی هەرێمی كوردستاندا، (مەولود چاوش ئۆغلۆ) وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند: لە ئێستادا هیچ هۆكارێك لە ئارادا نییە بۆ داخستنی خاڵە سنورییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ باكوری عیراقدا. 

هاوكات دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەرانیش كە دەكەوێتە نێوان هەرێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پاش داخستنی بۆ ماوەیەكی كاتی كرایەوە. 

لەلایەكی تریشەوە (ئەزوەر مەحمود) سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران بەشێوەیەكی ئاسایی بەرێوەدەچێت‌و ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەش دوورن لە راستیەوە كە باس لە داخستنی دەكەن. 

وتیشی: رۆژی 26ی ئەیلول چەندین تانكەر سوتەمەنی و بەنزین لە خاڵی سنوری باشماخەوە داخڵی هەرێمی كوردستان بوون و هیچ كێشەو گرفتێكیش لەئارادا نییە.