لیرەی تورکی زیاتر دابەزی


لەبازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی کارکردن ئاساییەو حەواڵاتی دۆلار بەردەوامە و لیرەی تورکیش نرخی دابەزیوە.

حەمید عەبدووڵا ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نوێنەری ژوور لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ڕایگەیاند” ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کاریگەری ھەبوە لەسەر بازاڕی ناوچەکە و دراو بەتایبەتی ئێران و تورکیا”

ڕاشیگەیاند” بۆڕۆژێک لەدوای ڕیفراندۆم نرخی دراوی ئێرانی بەنیسبەتێکی کەم  دابەزیوە لە ٣٩١٠ تمەنەوە بۆتە ٣٩٢٥ تمەن بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلار  بەڵام لیرەی تورکی زیاتر شکاوە لە ٣٤٢ لیرەوە بووە بە ٣٥٥ لیرە بەرامبەر ھەر ١٠٠ دۆلارێک وە نرخی نەوتیش بەرز بۆتەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا شڵەژانێک لەبازاڕدا دروست بووە وە لە تائێستا دیارنیە تاکەی بەردەوام دەبێت بەپێی ڕوداوەکان و کاریگەری ڕوداوەکان گۆڕانکاریەکان دەبێت.

لەبارەی کاری ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی وتی” ھەمو جۆرە ئاڵوگۆڕێک بەردەوامە و ھیچ گرفتێک نیە و حەواڵات بەردەوامە و بازرگانان پارەی خۆیان لەگەڵ وڵاتاندا حەواڵە دەکەن و بەردەوام لەبازاڕی دۆلارەکەدا کارکردن ئاساییە”.

لەگەڵ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھاوسنورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا بەردەوام کاری بازرگانی لەوێوە ئەنجام دەدرێت.