رۆژنامه‌ی فایننشاڵ تایمزی بریتانی له راپۆرتێكدا ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ راگرتنی نه‌وتی كوردستان، گومانی خۆی ده‌ربڕیوه كه ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامی ریفراندۆمی 25/9/2017 ده‌ربچێت، ئه‌نقه‌ره به‌و كاره هه‌ڵبسێت.
رۆژنامه بریتانییه‌كه نووسیویه‌تی: “سه‌ره‌ڕای زمانی توندی ئه‌نقه‌ره و هه‌ڕه‌شه‌كانی، به‌ڵام هیچ نییه‌ت و ئیراده‌یه‌كی لێ نه‌بینراوه كه بۆری نه‌وتی كوردستان راگرێت، كه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌گاته بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه ئه‌نقه‌ره له رووی باجی گومرگی سوودمه‌نده له‌و هێڵه نه‌وتییه و بووه‌ته شوێنیكی باوه‌ڕپێكراوی په‌ڕینه‌وه‌ی نه‌وت و ئه‌و سوته‌مه‌نیانه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆمپانیاكانی رووسیاوه ده‌نێردرێنه ده‌ره‌وه.
فایننشاڵ تایمز پێیوایه “ئه‌گه‌ر توركیا هێڵی نه‌وتی كوردستانیش رابگرێت، به‌ڵام حكومه‌تی عێراقی ناتوانێت كارێكی زۆر بۆ راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كورد بكات، جگه له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئه‌و تانكه‌رانه‌ی نه‌وتیان ده‌گواسته‌وه‌و پێشوتریش هه‌وڵی به‌رامبه‌ریان دابوو”.
هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانی جیهان تا ئێستا ده‌ستیان له به‌رهه‌مهێنان هه‌ڵنه‌گرتووه و به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی نوێیه‌وه نه‌ك ده‌ستبه‌ردار نه‌بوون، به‌رهه‌مه‌كانیشیان زیاتر كردووه.
ته‌نانه‌ت هه‌فته‌یه‌ك پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، گه‌وره كۆمپانیای شیڤرۆنی ئه‌مریكی، پاش دوو ساڵ راوه‌ستان له كاره‌كانی، ده‌ستی به هه‌ڵكۆڵین كردووه‌ته‌وه له هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تیش كۆمپانیاكانی وزه‌ی له ناوچه‌كه دڵنیاكردووه‌ته‌وه كه سه‌رله‌نوێ قه‌رزه هه‌ڵپسێردراوه‌كان و ئه‌و بڕه پارانه‌ی ده‌بێت بیدات چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزێته‌وه كه ده‌گاته زیاتر له 3 ملیار دۆلار.
له لایه‌كی دیكه‌وه له چه‌ند مانگی رابردووی ساڵی 2017 دا، كۆمپانیای رۆسنه‌فتی گه‌وره كۆمپانیای نه‌وتی رووسی، چه‌ندین گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كوردستان كردووه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا قه‌رزێكی زیاتر له یه‌ك ملیار دۆلاریشی له خۆگرتووه تا له فرۆشتنی نه‌وت له داهاتوو وه‌ریبگرێته‌وه.
كۆمپانیاكه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان له ژێرخانی بنه‌ڕه‌تی نه‌وت و غازی كوردستان ده‌ربڕیوه، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه پابه‌نده به نوێكردنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وته‌كانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان بۆ 700 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا زیاد بكرێت.
جگه له‌وه‌ش، كۆمپانیای رۆسنه‌فت، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كار، كه كۆمپانیایه‌كی ناوخۆییه كردووه، تا بناغه‌ی هێڵی غاز درووست بكات و له توانایدا بێت ساڵانه 30 ملیار مه‌تر موكه‌عه‌ب بگوازێته‌وه. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ساڵی 2019 ده‌ست به‌و پرۆژه‌یه بكرێت و له ساڵی 2020 یه‌كه‌مین به‌رهه‌می لیوه بگوازرێته‌وه بۆ توركیا، ئه‌و بره غازه‌شی رۆسنه‌فت ده‌یه‌وێت به هاوكاری كوردستان بینێرێته ده‌ره‌وه ده‌گاته 6%ـی كۆی هه‌موو پێداویستییه‌كانی ئه‌وروپا.
له رێگه‌ی ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ی كۆمپانیا حكومییه رووسییه‌كه‌وه، كه به‌و شێوه فراوانه بۆ ژێرخانی نه‌وت و غازی كوردستان ده‌كرێت، بوونی قه‌رزی نه‌دراوه‌و پاره‌دانی به كۆمپانیاكانی دیكه‌ی بواری نه‌وت، به رێژه‌یه‌كی زۆر پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌یه كه باسی رێگری توركیا له ناردنه ده‌ره‌وه‌ی سوته‌مه‌نی كوردستان ده‌كه‌ن، كه به‌هۆیه‌وه داهاتێكی باش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان.
بۆیه سه‌ره‌رای نه‌یاریی سه‌رزاره‌كی كۆمه‌ڵگای نیوده‌وڵه‌تی و ترسی وڵاتانی دراوسێ له تێكچوونی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه و عێراق به‌تایبه‌تی، به‌ڵام بازاڕی نه‌وتی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ن، هیچ پچڕانێكی ئه‌وتۆ له چوونی نه‌وتی خاوی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه له داهاتووی نزیكدا روونادات، ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجامی ریفراندۆمه‌كه هه‌رچییه‌ك بێت.