ساغنه‌بونه‌وه‌ی‌ به‌روبومه‌كانیان ‌و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ، خه‌ریكه‌ جوتیارن له‌كشتوكاڵی‌ دورده‌خاته‌وه‌

له‌ ده‌شتی‌ شاره‌زور ژماره‌یه‌ك خێزان پێكه‌وه‌ كاری‌ كشتوكاڵی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ساغنه‌بونه‌وه‌ی‌ به‌روبومه‌كانیان ‌و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ، خه‌ریكه‌ له‌ كاری‌ كشتوكاڵی‌ دوریان ده‌خاته‌وه‌.

عائیشه‌ محه‌مه‌د ته‌مه‌نی‌ 50 ساڵه‌، له‌گه‌ڵ عه‌لی‌ هاوسه‌ری‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ژیانی‌ هاوسه‌رییانه‌وه‌ له‌ ده‌شتی‌ شاره‌زور خه‌ریكی‌ كاری‌ كشتوكاڵین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت هێنده‌ی‌ به‌ری‌ ڕه‌نج ‌و ماندوبونیان نیه‌.

عه‌لی‌ ‌و عائیشه‌، نمونه‌ی‌ ده‌یان خێزانن له‌ ده‌شتی‌ شاره‌زور بژێوی‌ ژیانیان له‌ ڕێگه‌ی‌ كاری‌ كشتوكاڵیه‌وه‌ په‌یدا ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان پێكه‌وه‌ شانیان داوه‌ته‌ به‌ر كشتوكاڵ كردن ‌و كار ‌و فه‌رمانیان له‌نێوان خۆیاندا به‌ش كردوه‌، به‌ڵام بێده‌ربه‌ستی‌ حكومه‌ت ‌و ساغنه‌بونه‌وه‌ی‌ به‌روبومه‌ كشتوكاڵیه‌كان له‌ بازاڕدا خه‌ریكه‌ جوتیاره‌كان له‌كاری‌ كشتوكاڵی‌ ده‌تۆرێنێت.

حكومه‌ت چه‌نده‌ دڵی‌ به‌ نه‌وت خۆشه‌ ‌و پشتی‌ پێده‌به‌ستێت، عادل غه‌ریبیش هێنده‌ به‌ كشتوكاڵ كه‌یف خۆشه‌، ئه‌و كشتوكاڵ به‌ نه‌وتی‌ سپی‌ ناوده‌بات، حكومه‌ت به‌ نه‌وت ناتوانێت موچه‌ی‌ خه‌ڵك بدات ‌و بێ‌ پلانیه‌كه‌شی‌ وایكردوه‌ ئه‌م جوتیاره‌ نه‌توانێت به‌ كشتوكاڵ بژێوی‌ منداڵه‌كانی‌ دابین بكات.

كه‌ باس له‌ ده‌شتی‌ به‌پیت ده‌كرێت راسته‌وخۆ ناوی‌ ده‌شتی‌ شاره‌زور ده‌هێنرێت، 116 هه‌زار دۆنم زه‌وی‌ كشاوكاڵی‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وام ده‌كرێت به‌ كشتوكاڵ ‌و 12 هه‌زار باخی‌ جۆراو جۆریش به‌شێك له‌ زه‌وی‌ ناوچه‌كه‌یان داپۆشیوه‌.

ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هاوكاری‌ جوتیاران بكات، هێنده‌ ده‌شتی‌ به‌ پیت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌ن، كه‌ پێداویستی‌ ناوخۆ پڕبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌موو سه‌رنجێكی‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌سه‌ر نه‌وته‌، نه‌وتیش نه‌هامه‌تی‌ ‌و بێ‌ موچه‌ی‌ بۆ خه‌ڵك هێناوه‌ ‌و كه‌رته‌كانی‌ تریشی‌ ئیفلیج كردوه‌.