كاتی هەناردەی غازی هەرێم بۆ دەرەوە ئاشكراكرا

وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە كۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی كەرتی غازی سرووشتی هەرێم خێراتر دەكات و غازی پێویست بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ و هەناردەكردنی دابین دەكات، داهاتەكەشی سود بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت و دەشڵێت، هەناردەكردنی غازیش لە ساڵی 2020 دەستپێدەكات.

ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنرداوێكدا كە لەماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە: رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە كۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی كەرتی غازی سرووشتی ئێمە خێراتر دەكات و غازی پێویست بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ و هەناردەكردنی دابین دەكات و ئەمەش سەرچاوەیەكی نوێی داهات دروست دەكات كە خزمەت بە هەمەچەشن كردنی ئابوورییەكەمان دەكات.

ئاماژەی بەوەش كردوە: ئەو رێككەوتنە یارمەتی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە تازە رزگاربووەكانی دەستی داعش دەدات و خالێكی گرنگی دیكە ئەوەیە ئەم بۆرییە بەخێرایی دروست دەكرێت و ئەوەش دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی گواستنەوەی غاز بۆ بازاڕی توركیا و یەكێتی ئەوروپا خێراتر بەرەو پێشەوە بڕوات و ئەو داهاتەی كە لەو رێگەیەوە بەدەست دێت سوود بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت.

چەند ڕۆژێك پێش ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفت لەسەر هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان ئیمزاكرد كە تێیدا كۆمپانیای رۆسنەفت هەڵدەسێت بە دامەزراندنی بۆڕییەكە بەپێی سیستەمی (BOOT) واتا (دروستكردن، خاوەندارییەتی كردن، بەكارخستن و گواستنەوە) و بۆرییەكە تا ساڵی 2019 بەمەبەستی بەكارهێنان‌و دابینكردنی ناوخۆ تەواو دەبێت و هەناردەكردنی غازیش لە ساڵی 2020 دەستپێدەكات.