بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیستمی فەرمانڕەوایی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک کە کاریگەری لەسەر چاکسازی ئابووری و چالاککردنی رۆڵی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت هەبێت لەڕووی بەشداریکردنی لە ئابووری راستەقینەدا، پەیمانگەی کوردستان بۆ بەڕێوەبەران، خولێکی بۆ بەشێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بواری “فەرمانڕەوایی کۆمپانیایی” کە بە “حەوکەمە” ناسراوە کردووەتەوە.
ئامانجی سەرەکی پەیمانگەکە لەو خولە ئەوەیە، کە شێوازی کۆمپانیاکان بگۆڕێت لە کۆمپانیای خێزانییەوە بۆ کۆمپانیای دامەزراوەیی، بەجۆرێک خاوەنی ئەنجوومەنی کارگێڕی، لایەنی جێبەجێکار، بەشی دارایی، بەڕێوەبردنی ریسک و چەندین بەشی دیکەی گرنگ بن، هەموویان بەیەکەوە کۆمپانیاکە بەڕێوەببەن و دەسەڵات بەدەست تاکە کەسێکەوە نەبێت و سیستەمەکە رزگار بکات لەو شێوە باوەی ئێستای کۆمپانیاکاکانی کوردستان و ناوچەکە.
“فەرمانڕەوایی کۆمپانیاکان” یان “حەوکەمە” کۆمەڵێک تایبەتمەندی گرنگ لەخۆدەگرێت، وەک کاتێک کۆمپانیاکان پەیڕەو لە (فەرمانڕەوایی) دەکەن دەتوانن سەرمایەی بیانی بۆ خۆیان رابکێشن و وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەوە جگە لەوەی توانای دارایی کۆمپانیاکە بەهێزتر دەبێت، چونکە سیستمێکی کارگێڕی کۆمپانیاکە بەڕێوەدەبات نەک تاکە کەسێک.
لایەنێکی دیکەی ئەرێنی سیستمەکە لەوەدایە، ئەگەرکۆمپانیاکانیش رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببنەوە، ئەوا ئاسان دەتوانن قەرزی نێودەوڵەتی بەرێژەیەکی سوودی کەم وەربگرن، بەڵام ئەو کۆمپانیانەی پەیڕەوی (فەرمانڕەوایی) ناکەن بێبەش دەبن لە وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی.
لەلایەکی دیکەوە پەیڕەوکردنی (فەرمانڕەوایی) لەلایەن کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر داهاتی حکومەت دروستدەکات و ئەو کۆمپانیانەی پەیڕەوی (فەرمانڕەوایی) دەکەن خاوەنی سیستمێکی دارایی شەفاف دەبن و ساڵانە پابەندی پێدانی باج دەبن بە حکومەت، ئەمەش داهاتی حکومەت لەڕێگەی کۆکردنەوەی باجەوە زیاد دەکات.