هۆکارەکانى بڕیاری دەستپێکردنی بزنسی بچوک چین؟


بۆچی هەندێک خەڵک دەیانەوێت دەست بە بازرگانییەکى بچووک یان بازرگانییەکى خێزانى بکەن؟ ئایا تەنیا لەبەرئەوەیە پارەى کەمیان لەبەردەستە؟ یان لەبەرئەوەیە دەیانەوێت کاتی زیاتر لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر ببەن بە دەست پێکردنی بزنسێکی بچوک؟

ڕاستە ژێنگەى مرۆڤەکان گۆراوە ودەکرێت لەکەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى دیکە جیاوازبێت، بەڵام هەندێک کەس لە ژیانی تەنیایی ماڵەوە بێزار بووە، دەیەوێت تێکەڵی خەڵک ببێت بە دەستپێکردنی بزنسێکی بچوک، زۆر نمونەمان لەگەڕەک و کۆڵانەکانى خۆمان بینیوە کە کەسێک بەشێک لە خانووەکەى کە تێدا دەژێ جیادەکاتەوە و دەیکاتە پرۆژەیەکى بچوک وەک مینى مارکێت یان نانەواخانە و هتد…

بۆیە دەکرێت بەدواى هۆکارى جیاواز بگەرێن بۆ ئەوەى بزانین ئایا چى وا لە کەسێک دەکات پرۆژەیەکى بچوک یان بازرگانییەکى خێزانى بچوکى بەلاوە لە دامەزراندن و کارکردن لە مۆڵ و کارگە و کۆمپانیا گەورەکان پێ باشتربێت.

سەردەمى نوێ کە قۆناغى کارکردنى بەردەوام و کێبرکێ کردنە، بۆ هەندێک لە مرۆڤەکان کە تواناى ڕاهێنانیان لەو ژینگەیە نییە، ئەستەمە، بۆیە ئەکرێت هەندێک کەس لەدەوروبەرمان بن حەزیان لە دووبارەکردنەوەی یەک ئیشى ڕۆژانە نەبێت کە لەلایەن بەڕێوبەرەکەیانەوە پێیان ڕادەسپێردرێت !

واتا حەزى لە گۆڕانکاری کردن بێت لە ئیشی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانەى، یان مرۆڤى دیکە هەیە ئارەزوی ئیشی جێگیر و موچەی جێگیر ناکات، واتە دەیانەوێت وەکو بەڵێندەرێک ئیش بکەن کە داهاتەکەى پێکهاتووە لە قازنج و زەرەر.

یان بەشێک لە ئێمە دەمانەوێت کارکردنى رۆژانەمان ناوى ئێمەى لەسەر بێت و دەمانەوێت لە ڕێگای بزنسەوە ناو و ناوبانگ بۆ خۆمان دروست بکەین، بۆنمونە کارگەیەکى بچوکى شیرینى دادەنێیت کە ناوى تۆ و خانەوادەى لەسەرە و هەموو خەڵک ناوى تۆ دەناسنەوە، یان هەندێک کەس لە ڕیگای بزنسی بچوکەوە دەیانەوێت سامانێک و ڕێچکەیەک بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بنیات بنێن کە بێ خەم ببن لە داهاتویان.

گرنگترین شت ئەویە کە زۆر کەس پەنا بۆ بزنسی بچوک دەبەن، وئەمە هۆکاری جیاوازى هەیە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە لەوانەیە تۆ بەهرە و توانایەکى جیاوازت هەبێت و بتەوێت لە پرۆژەیەکى تایبەت بە خۆت ئەو بیرۆکەیە جێبەجى بکەێت، بۆیە بە هەڵبژاردنی بزنسێکی بچوک دەتوانی ئەوە بۆ دەوروبەرت بسەلمێنیت.

لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت یان زۆربەی کات لە بێکارى و نەبونی هەلی کار و دامەزراندن هەندێ کەس بڕیاری دەستپێکردنی بزنسی بچوک دەدەن بۆ خۆیان، بەڵام پیویستە بزانیت هەموو بزنسێکی بچوک ڕووبەڕوی (گرفت و سوپرایز)ت دەکاتەوە، کە بە پێی کەسەکان و بازرگانەکان دەگۆڕێن.

زۆرن ئەوانەی لەسەرەتاوە توشی گرفت و بەرەنگاری دەبنەوە وزۆرن ئەوانەی لە سەرەتادا سەردەکەون و خەڵاتدەکرێن و ناو و ناوبانگ دەردەکەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئاستی لێهاتویی و زیرەکی خاوەن پرۆژە، بۆیە پیویستە بزانیت دەکرێت تۆ:” ئامانجی خەڵک و پێداویستی تاکەکان و خزمەتگوزارییان بپێکیت، ژیانێکی ئاسودە بۆ خەڵک فەراهەم بکەیت، کارامەیى تۆ لەو پێداویستیانە و کاتی پێویست بۆ خستنە بازاڕ و گونجانی نرخەکان دا دەربکەوێت”