له‌پاش ئه‌وه‌ى بانگه‌شه بۆ به فه‌رمى ناساندنى مه‌رزى كێلێ كرا و به‌شێك له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه پێویستن بۆ مه‌رزێكى نێوده‌وڵه‌تى، وه‌كوو چاككردنى رێگاوبان و قیڕتاوكردنى رێگاكه چوونه وارى جێبه‌جێكردنه‌وه.، ئه‌و زه‌وییانه‌ى له ناوچه‌كه‌وه نزیكن نرخیان به‌رز بووەته‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه به‌كر بایز، قائیممقایمى قه‌زاى پشده‌ر راگه‌یاند “ئێمه وه‌كو قائیمه‌قامیه‌تى قه‌زاى پشده‌ر خاوه‌نى هیچ شوێنێكى په‌یوه‌ندیدار به سنووره‌كه‌وه نین، جیا له گۆڕى كێلێ، ئه‌وه‌ى هه‌یه هه‌مووى زه‌ویى هاووڵاتییانه و بازاڕى مه‌رزى كێلێش بازاڕى ئێرانه، ته‌نیا رێگاكه هى ئێمه‌یه”.
قائیممقایمى قه‌زاى پشده‌ر باسی له‌وه‌ش كرد، هیچ بازاڕێك نییه له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و سه‌رپه‌رشتیى حكوومه‌تدا بێت و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیش هى هاووڵاتییانە و ئازادن له فرۆشتنى به هه‌ر نرخێك بێت.
مه‌رزى كێلێ، به‌هۆى سه‌ختیى رێگاكه‌یەوە، ته‌نیا ناوچه‌یه‌ك هه‌یه له مه‌رزه‌كه كه بتوانرێت به‌كار بهێنرێت و سوودى لێ وه‌رگیرێت، ئه‌ویش ناوچه‌ى ته‌ختى گۆڕى كێلێ بوو، كه ئێستا له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامیى ئێرانه‌وه ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه.
سه‌باره‌ت به گرانبوونى زه‌وییه‌كانى مه‌رزى كێلێ، عوسمان تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌رى زه‌وى و زارى قه‌زاى پشده‌ر راگه‌یاند: “له هه‌ر شوێنێكدا مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى هه‌بێت ئه‌و شوێنه بوژانه‌وه‌ى بازرگانى تێیدا روو ده‌دات و رێژه‌ى بێكارى كه‌م ده‌بێته‌وه و زۆرترین كاریگه‌ریى بوژانه‌وه‌ى ئابوورى له ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا روو ده‌دات، وه‌كو مه‌رزه‌كانى دیكه‌ى كوردستان كاریگه‌ریى سه‌رتاسه‌ریشى بۆ کوردستان ده‌بێت”.
به‌ر له بابه‌تى به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنى مه‌رزه‌كه، جموجۆڵێكى بازرگانى و هه‌نارده و هاورده‌ى سنوردار هه‌بووه له مه‌رزى كێلێ، هێڵه‌كانیش نرخى خۆیان هه‌بووه و به تیر و پشك دراون به شۆفێرانى مه‌رزه‌كه و مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنیشیان له‌لایه‌ن شۆفێرانه‌وه پێوه كراوه و نرخه‌كه‌یان 100 هه‌زار دۆلار بووه، به‌ڵام ئێستا نرخیان بۆ زیاتر له 150 هه‌زار دۆلار به‌رز بووەته‌وه.
قادر ره‌زگه‌یى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان (یه‌كێتى)، پێیوایە، ئه‌گه‌ر مه‌رزى كێلێ ببێته مه‌رزێكى نێوده‌وڵه‌تى، پێویستى به كۆمه‌ڵێك دوكان و فرۆشگا و بازاڕى جۆراوجۆرى پێویست و تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ى به مه‌رزه‌كه‌دا هه‌نارده و هاورده ده‌كرێن، به‌شێكیان به‌شێوه‌ى ناڕاسته‌وخۆ ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن و پێویسته شوێنیان بۆ دابین بكرێت، له‌هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵگاى فه‌رمانگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دروست دەکرێت و قه‌ره‌باڵغى و جموجۆڵێكى بازرگانیى زۆر له ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌بێ”.
قادر ره‌زگه‌یى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌شى زۆرى زه‌وییه‌كانى مه‌رزه‌كه له رووى یاساییه‌وه موڵكى گشتیین، به‌ڵام له رووى عورف و عاده‌ت و عه‌شایه‌رییه‌وه هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه خاوه‌نیان هه‌یه و له دێرزه‌مانه‌وه له باب و باپیرانیان بۆیان ماوه‌ته‌وه و و هاووڵاتییانیش له كڕین و فرۆشتنى زه‌وییه‌كانیان ئازادن.
مه‌رزى كێلێ سه‌ر به قه‌زاى پشده‌ره و یه‌كێكه له خاڵه سنوورییه‌كانى ناوچه‌كه و ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتى قه‌ڵادزێ و 18 كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌رى شاره‌وه دووره و مه‌رزێكى نافه‌رمییه، به بریارێكى حكوومه‌تى هه‌رێم له كۆتایى ئه‌مساڵدا ده‌كرێته مه‌رزێكى فه‌رمیى نێوده‌وڵه‌تى.