پەیوەندیە پزیشکیەکان لەنێوان وڵاتی چیک و شاری سلێمانی تاوتوێکرا و ھانی کۆمپانیا چیکیەکان دەدرێت کاری پزیشکی زیاتر لەسلێمانی بکەن.
سوارە سالار کەسەرپەرشتی گروپی پزیشکانی سلێمانی دەکرد لەوڵاتی چیک ڕایگەیاند” کۆنفرانسی پزیشکی لەوڵاتی چیک ئەنجامدرا کە ژمارەیەک لە پزیشکانی شاری سلێمانی بازرگانانی پێداویستیە پزیشکیەکان و پزیشکانی وڵاتی چیک و نوێنەری ئابوری حکومەتی چیک بەشداریان تیاکرد”
ڕاشیگەیاند” لەکۆنفرانسەکەدا بە نوێنەران و پزیشکانی چیکمان ڕاگەیاند شاری سلێمانی لەکەرتی تەندروستیدا یەکێکە لە شارە پێشکەوتوەکانی عێراق کە گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجەی تێدایە و بە بێ بەرامبەر نەخۆش چارەسەردەکات لە ھەمو عێراقەوە نەخۆش ڕوی تێدەکات وە تاکە نەخۆشخانە لەسەر ئاستی عێراق تایبەت بە دروستکردنەوەی ئەندامانی جەستە لەشاری سلێمانی ھەیە ئەو کەسانەی لە شەڕدا یان تەقینەوەدا دەست و قاچیان نامێنێت بۆیان دروست دەکرێتەوە وە شاری سلێمانی گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی تایبەتی ھەیە بە پێشکەوتوترین ئامێرە پزیشکیەکان کارەکانیان دەکەن”
ئاماژەی بەوەشدا” پزیشکانی وڵاتی چیک خۆشحاڵبون بەوزانیاریانەی لەسەر سلێمانی دەستیانکەوت وە ڕایانگەیاند بەھەمو شێوەیەک ھاوکاری شاری سلێمانی دەکەن لەکەرتی پزیشکیدا بۆ ئەوەی بتوانن کاری بازرگانی و وەبەرھێنان لەوکەرتەدا لەنێوان ھەردولادا دروستبێت”.
دکتۆرە میدیا بەختیار محمود وەک پزیشکێک لەشاری سلێمانیەوە بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند” ئەم سەردانە گرنگی زۆری ھەبوو بۆ ئێمە توانیمان لەگەڵ کۆمەڵێک لە پزیشکانی ئەم وڵاتە گفتوگۆبکەین بۆ وەرگرتنی زانیار و شێوازی نوێی کاری پزیشکی لەوڵاتی چیک”.
ڕاشیگەیاند” پزیشکانی چیک پێیان خۆشبوو لەگەڵ ئێمەدا دەستبکەن بەکارکردن بۆ بەھێزکردنی کەرتی تەندروستی لەشاری سلێمانی بۆیە لەئێستادا ئێمە بەردەوامین لە بەھێزکردنی پەیوەندیەکانمان تابتوانین خزمەتێک بەشاری سلێمانی بکەین لە بوارەکەی خۆماندا”.
شاندیکی پزیشکی شاری سلێمانی لەڕێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە بەشداریانکرد لە کۆنفرانسێکی پزیشکی لەوڵاتی چیک لەشاری بڕنۆ کە تایبەتبووە بەکەرتی تەندروستی و پێشکەوتنەکانی بواری پزیشکی.