شیش و چیمه‌نتۆی‌ سلێمانی‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ عێراقدا خواستی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌

نزیكه‌ی‌ دو مانگه‌ نرخی‌ شیش به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و بۆ هه‌ر تۆنێك نزیكه‌ی‌ 100 دۆلار زیادیكردوه‌، بازرگانانی‌ بواری‌ بیناسازیش ده‌ڵێن به‌رزبونه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌بۆرسه‌ی‌ جیهانیه‌وه‌ هه‌یه‌ و خواست له‌سه‌ری‌ زیادیكردوه‌، هاوكات به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌كانی‌ سلێمانی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و شیش و چیمه‌نتۆی‌ سلێمانی‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ عێراقدا خواستی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌ و له‌ڕوی‌ نرخ و كوالێتیه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ به‌سه‌ر شیش و چیمه‌نتۆی‌ توركی‌ و ئێرانیدا زاڵ بێت.

ئازادكردنی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌و ناوچانه‌ی‌ له‌ژێرده‌ستی‌ داعشدا بون له‌ساڵی‌ رابردودا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ بیناسازی‌ دروست كردوه‌، به‌هۆی‌ زۆربونی‌ خواسته‌وه‌ نرخی‌ به‌شێك له‌ كه‌لوپه‌ولی‌ بیناسازی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

 له‌ماوه‌ی‌ دو مانگی‌ رابردوشدا نرخی‌ تۆنێك شیش نزیكه‌ی‌ (100) دۆلار زیادی‌ كردوه‌، به‌شێك له‌ بازرگانانیش ده‌ڵێن هۆكاره‌كه‌ ده‌ره‌كیه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌بۆرسه‌ی‌ جیهانیه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ بۆ به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازیه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دروست ده‌كرێت، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ خاوه‌نی‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌ پیشه‌سازیه‌كان، به‌رهه‌می‌ شیش و چیمه‌نتۆی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ڕوی‌ نرخ و كوالێتیه‌وه‌ توانیویه‌تی‌ به‌سه‌ر به‌رهه‌می‌ شیش و چیمه‌نتۆی‌ توركی‌ و ئێرانیدا سه‌ركه‌وێت و له‌بازاڕه‌كانی‌ عێراقیشدا خواستێكی‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ هه‌یه‌.

سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ و وه‌ستانی‌ هه‌زاران پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌و بچوك له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ بێكار بن و هه‌زاران كارگه‌ش له‌كار بكه‌ون، به‌ڵام به‌ڕای‌ شاره‌زایانی‌ ئابوری‌ و پیشه‌سازی‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ و ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ به‌ئاڕاسته‌ی‌ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.