فێستیڤاڵه‌كه‌ی سلێمانی میواندارییه‌كی دیكه‌شی رێكخست

چه‌ند رۆژێك ماوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی‌و شاره‌ جوانه‌كه‌ی سلێمانیش به‌میوانه‌كانی فێستیڤاڵ رازاوه‌ته‌وه‌. 
هه‌روه‌ك رێكخه‌رانی فێستیڤاڵ ئه‌وه‌یان بۆ میدیاكان ئاشكراكردبوو، كه‌ 1ی ئۆكتۆبه‌ر فێستیڤاڵه‌ نێوده‌وله‌تیه‌كه‌ی سلێمانی ده‌ست به‌چالاكیه‌كانی ده‌كات‌و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا میواندارییه‌كی زۆر سازده‌كات، هه‌روه‌ك دوای میوانداریكردنی فێستیڤاڵی سلێمانی له‌لایه‌ن پێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی دهۆكه‌وه‌، په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا به‌هێزتر ده‌بێت‌و ژماره‌یه‌ك فۆتۆگرافه‌ری شاری دهۆكیش ده‌بنه‌ میوانی فێستیڤاله‌كه‌.
به‌رێوه‌به‌ری دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانیان دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی هونه‌رییه‌، وه‌كچۆن ستافی فێستیڤاڵی سلێمانی بانگهێشتكراو توانرا په‌یوه‌ندیه‌كی باش دروست بكرێت‌و دواتریش میوانداری له‌فیلمێكی ئه‌وان بكرێت.
وتیشی :” پێمانباش بوو هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، میوانداری ژماره‌یه‌ك فۆتۆگرافه‌ر بكه‌ین‌و ده‌ فۆتۆرافه‌رمان بانگهێشت كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی فێستیڤاله‌كه‌مان”. 
بۆماوه‌ی حه‌وت رۆژ پایته‌ختی ڕۆشنبیری به‌فێستیڤاله‌ نێوده‌وله‌تیه‌كه‌ی سلێمانی له‌چالاكیدا ده‌خرۆشێت‌و وه‌ك نه‌ریت‌و كولتووری خۆی جوانترین میوانداری سازده‌كات، له‌ 1ی ئۆكتۆبه‌ر له‌هۆڵی ته‌لاری هونه‌ر ده‌ستپێكی مه‌راسیمه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات‌و دواتر چالاكیه‌كانی دیكه‌ ده‌باته‌ هۆله‌كانی سیتی سینه‌ماو سینه‌ما سالم.