“جموجوڵی بازرگانی‌ له‌په‌روێزخان 70% گه‌شه‌ی كردووه‌” دابه‌زینی به‌های تومان، بازرگانیی هه‌رێـم‌و ئێرانی لاواز نه‌كردووه‌ ‌

مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌ په‌روێزخان ده‌كه‌وێته‌ سنووری‌ گه‌رمیان‌و یه‌كێكه‌ له‌مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران كه‌زۆرترین ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ نێوان هه‌ردوولای‌ تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.
بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگه‌کانی‌ کۆتایی ساڵی رابردوودا حكومه‌تی‌ ئێران بڕیارێكی‌ ئاراسته‌ی ته‌واوی‌ بازگه‌كانی‌ خۆی كرد، به‌مه‌به‌ستی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ ناردنی‌ 52 جۆر خۆراك‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ بازرگانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عیراق له‌ڕێگه‌ی‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گومرگی مه‌رزی‌ په‌روێزخان رایگه‌یاند، حكومه‌تی‌ ئێران ئه‌و بڕیاره‌ی‌ جێبه‌جێ نه‌كردووه‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئاستی‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی‌ مه‌رزه‌كه‌، بۆ 70% به‌رزبۆته‌وه‌.
 حسێن ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گومرگی گه‌رمیان به‌كوردستانی‌ نوێ-ی راگه‌یاندوە، له‌ئێستادا بازرگانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ئێران‌و هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عیراق له‌ڕێگه‌ی مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخانه‌وه‌، گه‌شه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ به‌خۆوه‌ بینیووه‌و به‌ڕێژه‌ی‌ 70% له‌گه‌ڵ ساڵانی‌ رابردوودا بازرگانیكردنی‌ له‌و مه‌رزه‌دا‌ گه‌شه‌ی‌ كردووه‌.
ئاڵوگۆڕه‌كه‌ له‌پێشتر گه‌رمتره‌
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گومرگی گه‌رمیان وتی:»دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوودا بڕیاری‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ ناردنی‌ 52 جۆر خۆراك‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ بازرگانی‌ بۆ هه‌رێم‌و عیراق له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزه‌كه‌وه‌ درا، ئه‌و بریاره‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و له‌ئێستاشدا زیاتر له‌ساڵانی‌ پێشتر ئه‌و جۆره‌ خۆراك‌و كه‌ره‌ستانه‌ ده‌هێنرێنه‌ مه‌رزه‌كه‌وه‌».
حسێن ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد، دابه‌زینی‌ دراوی‌ ئێرانی‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی‌ له‌سه‌ر لاوازبوونی‌ په‌یوه‌ندی بازرگانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ئێران نه‌بووه‌. 
خواستی بازرگانان زیادیكردووه‌
لای خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د زه‌رداوی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی په‌روێزخان ئاماژه‌ی‌ بۆئه‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ نرخی دراوی‌ ئێران دابه‌زیوه‌، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا حكومه‌تی‌ ئێران نرخی كاڵاكانی‌ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و دابه‌زینه‌ زیاتر كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و جموجۆڵه‌ بازرگانییه‌ هێنده‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، هۆكاری‌ پێشكه‌وتنی‌ رێژه‌ی‌ كاری‌ بارزگانی‌ له‌خاڵی سنووریی‌ په‌روێزخانیش په‌یوه‌ندی به‌خواستی‌ بازرگانانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌پێی زیاتر بوونی‌ خواستی‌ دانیشتووان‌و هه‌روه‌ها ئه‌و ئاوه‌دانییه‌ی‌ كه‌ڕووی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌شێك له‌عیراق كردووه‌، هۆكارێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونی‌ په‌یوه‌ندی بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا. 
ئه‌حمه‌د زه‌رداوی‌ وتیشی:»به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و خواسته‌ی‌ كه‌خه‌ڵكی‌ هه‌رێم‌و عیراق هه‌یه‌تی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ خاڵی سنووریی‌ په‌روێزخانه‌وه‌ دێته‌ ناوچه‌كه‌، هه‌ر له‌سنووری‌ گه‌رمیانیشه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ كوردستان‌و خوارو و ناوه‌ڕاستی‌ عیراق ده‌كرێت».
رۆژانه‌
 زیاتر له‌ 800 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر 
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تیی په‌روێزخان ئاماژه‌ بۆ زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌كات، كه‌ڕۆژانه‌ باره‌كانیان له‌ناو خاكی ئێرانه‌وه‌ ده‌هێننه‌ ناو سنووری‌ هه‌رێم‌و دواتر ره‌وانه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عیراقی ده‌كه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێت:»رۆژانه‌ زیاتر له‌ 800 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر به‌ به‌تاڵی ده‌چنه‌ ناو خاكی‌ ئێرانه‌وه‌و دواتر به‌پێی ویستی‌ بازرگانانی‌ مۆڵه‌ت پێدراو بۆ كاری‌ بازرگانی‌ كاڵاو شمه‌كی‌ بازرگانی‌ ده‌هێننه‌ هه‌رێم‌و عیراقه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ رۆژ له‌دوای‌ رۆژ زیاتر ده‌بێت». 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هۆكاری‌ گه‌شه‌كردنی‌ جموجۆڵی بازرگانیی‌ له‌مه‌رزی‌ په‌روێزخان، په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌خواستی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و باره‌ ئابوورییه‌ی‌ كه‌ڕووی‌ له‌ئێران كردووه‌، وایكردووه‌ ژماره‌و رێژه‌ی‌ هه‌نارده‌ی‌ ئێران بۆ هه‌رێم‌و عیراق روو له‌زیادبوون بكات. 
رۆژانی پشوو كاریگه‌ری هه‌یه‌
بازرگانانی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان پێیانوایه‌، ده‌رفه‌تی‌ كاری‌ بازرگانی‌ له‌مه‌رزی‌ په‌روێزخان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ مه‌رزه‌كانی‌ تر، رووی له‌زیادبوون كردووه‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئه‌حمه‌د خواكه‌ره‌م كه‌ له‌و مه‌رزه‌ كاری‌ بازرگانی‌ ده‌كات دەڵێت،به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دابه‌زینی‌ نرخی دراوی‌ ئێرانی‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ له‌سه‌ر لاوازبوونی‌ كاری بازرگانیكردنیان له‌گه‌ڵ ئێراندا، راسته‌ ئه‌و وڵاته‌ دووچاری‌ قه‌یرانی‌ ئابووری‌ بووه‌، به‌ڵام كاری بازرگانی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌و هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ڕێژه‌ی‌ ناردنی‌ شمه‌كدا رووی‌ نه‌داو.
وتیشی:»تاكه‌ هۆكارێك كه‌بوبێته‌ هۆی لاوازبوونی‌ كاری‌ بازرگانی‌ له‌مه‌رزكه‌، په‌یوه‌ندی به‌ڕۆژانی‌ پشووه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌دیوی ئێرانه‌وه‌ هه‌ر رۆژێك پشووبێت، ئه‌وه‌ كاره‌كان پچڕانی تێده‌كه‌وێت‌و بۆ ماوه‌یه‌ك ناردن‌و هاورده‌ رووی له‌كه‌می‌ ده‌بێت».
به‌ئۆتۆمبێلی خۆت بۆ ئێران 
هاوکات سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان ئاشكرای ده‌كات، دوای‌ رێككه‌وتنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، له‌ئێستادا هاووڵاتیان ده‌توانن به‌ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی خۆیان‌و له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ په‌روێزخانه‌وه‌ سه‌ردانی‌ ئێران بكه‌ن.
سه‌ڵاح كوێخا  رایگه‌یاند، به‌هه‌وڵی‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان‌و دوای‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر تونرا له‌ڕێگه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌وه‌، كارئاسانی‌ بكرێت بۆ هاووڵاتیان تابتوانن به‌ئۆتۆمبێلی‌ خۆیان‌و له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌ په‌روێزخانه‌وه‌ سه‌ردانی‌ ئێران بكه‌ن.
وتیشی‌:»له‌به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی خۆیان، پێویسته‌ هاووڵاتیان بڕێك پاره‌ وه‌ك بیمه‌ بده‌ن‌و ئێداره‌ی‌ گه‌رمیانیش داوای‌ كردووه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ زۆر نه‌بێت‌و له‌توانای‌ هاووڵاتیاندا بێت».